گواستنه‌وه‌ی گشتی و ژینگه

گواستنه‌وه‌ له‌ جیهاندا رۆژ له‌دواى رِۆژ به‌ره‌و پێشكه‌وتنى زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ جۆرێك ساڵانه‌ درێژیى رِیگه‌و بانه‌كان زیاتر ده‌بنء شه‌قامى نوىَ دروست ده‌كرێت و، هۆكارى گواستنه‌وه‌ى زیاتریش دروست ده‌كرێت یان هاورده‌ ده‌كرێن له‌ ماوه‌ى بیست ساڵى رِابردوو ژماره‌ى هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌ بۆ دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادیان كردووه‌و، به‌ جۆرێك له‌ هه‌ندێك وڵاتدا نیوه‌ى دانیشتوانى وڵاته‌كه‌ى هه‌ریه‌كه‌و هۆكارێكى گواستنه‌وه‌ى خۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى گواستنه‌وه‌ى ئاسمانیش، ژماره‌ى فرِۆكه‌كان زیاد ده‌كه‌ن، ژماره‌ى گه‌شته‌كانیش له‌زیاد بووندان هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ به‌هۆى شه‌مه‌نده‌فه‌ریشه‌وه‌ رِۆژ له‌ دواى رِۆژ له‌مه‌كینه‌و فارگۆنى تازه‌وه‌ ئه‌م بواره‌ش له‌ گه‌شه‌سه‌ندندایه‌، ئه‌مه‌ وێرِاى گواستنه‌وه‌ له‌ رِێگه‌ى ده‌ریاوه‌، كه‌ ساڵانه‌ ژماره‌ى كه‌شتى و پاپۆرِه‌كان و جۆره‌كانیان له‌ تازه‌بوونه‌وه‌ دان دیاره‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ریى پۆزه‌تیفیان هه‌یه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ى خێراو كارئاسانیى و به‌ یه‌كگه‌یاندنى خه‌ڵك و گواستنه‌وه‌ى خێراى شتء مه‌ك و پێداویستیه‌كان، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌موو هه‌نگاوێكى چاكتر كردنى بوارى گواستنه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆى به‌كاربردنى برِێكى زۆرى ده‌رامه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌كان، وه‌ك به‌كارهێنانى زه‌وى بۆ رِێگه‌وبان و هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌رو به‌نده‌ره‌كان و، رِێگه‌ى ئاسمانیى بۆ فرِۆكه‌كان و، به‌كاربردنى برِێكى زۆرى وزه‌ى ئاوو هه‌واو به‌نزینء گاز بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌و، له‌ ئه‌نجامیشدا پیس بوونى هه‌وا به‌گازه‌كانى ئۆكسیده‌كانى كاربۆن و نایترۆجین و هایدرۆكاربۆنه‌كان و، گه‌ردى تۆزو خۆڵ و، ژاوه‌ ژاوو پیسكردنى ئاوى به‌نده‌رو ده‌ریاكان و، زیانگه‌یاندن به‌ مرۆڤ و گیانه‌وه‌رو رِووه‌ك جا به‌ مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كان و، رِاگرتنى هاوسه‌نگیى له‌ نێوان ژینگه‌و په‌ره‌پێداندا، پێویسته‌ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ ئاگاداریى هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى بوارى گواستنه‌وه‌ بێت له‌ پێناوى پاراستنى پێكهێنه‌ره‌كانى ژینگه‌دا له‌ رِێگه‌ى
١- بایه‌خدانى زیاتر به‌ هۆكارى گواستنه‌وه‌ى گشتى، له‌ رِێگه‌ى چاككردنى هێڵه‌كان و، به‌كارهێنانى هۆكارى گواستنه‌وى تازه‌و قه‌باره‌ مامناوه‌ندیى و، هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كارهێنانى هۆكارى گواستنه‌وه‌ى تایبه‌ت
٢- هه‌وڵدان بۆ بایه‌خدان به‌ رِێگه‌وبانه‌كانى ناوخۆى شاره‌كانء ده‌ره‌وه‌و، چاككردنى رِێگه‌وبانه‌كان به‌ جۆرێك كه‌ خێرایى هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌ زیاتر بكات و، ئاسانتر له‌ رِێگه‌وبانه‌كان به‌ هۆى قه‌ره‌باڵغیى و ته‌نگ و باریكىء نارِێكى رِێگه‌وبانه‌كان و،دروستكردنی ئۆڤه‌رو ئه‌نده‌ر پاس و،تونێڵ ومیترۆ
٣- هاریكاریكردن له‌گه‌ڵ زانكۆكان به‌ مه‌به‌ستى هه‌وڵدان بۆ چاككردنى جۆره‌كانى به‌نزین و گازو، چاككردنى مه‌كینه‌كان به‌ جۆرێك كه‌مترین برِى مادده‌ى زیانبه‌خش بخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و، نزمترین ئاستى ده‌نگیش ده‌ربكه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژاوه‌ژاو
٤- هه‌وڵدان بۆ كاركردن له‌سه‌ر به‌رهه‌مێنانى سوته‌مه‌نى جێگره‌وه‌و خاوێنی وه‌ك ئیسانۆل وئه‌وانی دی، یان كاركردن به‌كاره‌با یان غازى شل ، یان وزه‌ی هه‌تاو له‌ زۆر هۆكارى گواستنه‌وه‌دا كه‌ زۆرێك له‌ وڵاتان ئێستا كارى پێده‌كه‌ن
٥- دوورخستنه‌وه‌ى فرِۆكه‌خانه‌كان له‌ دانیشتووان و ناوچه‌كانى نیشته‌جێبوون و رِه‌چاوكردنى كاریگه‌ریى ئه‌م خاڵه‌ له‌ ماسته‌ر پلانى شاره‌كانداو، كاركردن به‌ پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى بوارى فرِۆكه‌وانیى

www.jingeykurdistan.com

لێدوانێك بنووسە