دەربارەى پیس بونى ژینگەو هۆکارو چارەسەرەکەى

زانستى ژینگە (ئیکۆلۆژى) یەکێکە لەو زانستە بەربڵاوو گرنگانەى کە لە پێناو مرۆڤ و تەندروستى مرۆڤدایە. وشەى ئیکۆلۆژى (Ecology) لە وشەى یۆنانى (Oikos) ەوە هاتوە کە بەماناى “خێزان” هاتوە ، واتە وشەى ئیکۆلۆژى دەلالەت لەو زانستە دەکات کە دەکۆلێتەوە لە مرۆڤ و ژینگەکەى کە وەک خێزانێک پێکەوە دەژین . ئیکۆلۆژى لە دوو رێگەوە ئەم کارە دەکات ، یەکەم لە رێگەى پاراستنى ژینگەى ئاوو هەواو ژینگەى چواردەورى مرۆڤەوە ، دوەم لە رێگەى پاراستنى ئەو گیاندار و دارودرەخت و دارستانانەى کە لە دەورى مرۆڤن و هۆکارى مانەوەى ئەون. ئەم زانستە بە مرۆڤ دەلێت کە دەبێت رێژەى گازەکانى ناو ئەو هەوایە چەند بێت کە شیاوە بۆ هەڵمژین ، هەروەها دەبێت ئەو ئاوەى کە دەخورێتەوە چۆن بێت . ئیکۆلۆژى پێمان دەڵێت کە دەبێ کەى ژینگەیەکى لەبار یان نالەبارمان هەیەبۆ ژیان و دەبێت لە کوێدا بژین و لە کوێدا نەژین. واتە ئاگادارمان دەکاتەوە لە پیس بونى ژینگە Environmental Pollution و پیس بونى هەوا Air Pollution و هەمو جۆرە ئالودەبونەکانى دیکەى ژینگەى ژیان . هاوشێوەى زانستى ئیکۆلۆژى لە هیندستانى کۆندا و یۆگیەکان زانستى (ستاپاتیا ڤیدا) و زانستى (ئایور ڤیدا) یان هەبوە کە بەهۆیەوە باشترین ژینگەو ئاوو هەواو شوێنى نیشتەجێبون و لەبارترین ئاوى خواردنەوەیان بۆ خۆیان دەست نیشان کردوە . مێژوى ئایور ڤیدا و ستاپاتیا ڤیدا دەگەرێتەوە بۆ کۆنتر لە 5000 ساڵ لەمەبوبەر . واتە لەو مێژوە دورودرێژەوە مرۆڤەکان ویستویانە شوێن ژیانى خۆیان پاک رابگرن چونکە بەردەوام مرۆڤ لە کۆنتاکدایە لەگەڵ ژینگەکەى و ئەو بەشێکەو لەو ژینگەیەى کە تیایدا دەژى و شینگەکەش بەشێکە لەو . تەنانەت بەشێوەیەک کە لەش و فسیۆلۆژیاى لەشى مرۆڤ دەگۆرێت بەپێى گۆرانى ژینگەکەى ، بۆ نمونە دانیشتوانى شوێنە گەرمەسێرەکان و ئەو شوێنانەى کە شێیان کەمە لوتیان گەورەو پێستیان ئەستورە وەکو ئەفریقیەکان، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەى لە شوێنى سارد و شێداردا دەژین لوتیان باریک و تەسکە و پێستیان تەنک و سپیە وەک دانیشتوانى ئەوروپا.

مرۆڤ خواردنى سروشتەکەى دەخوات و لەشى مادى خۆى بەو خواردنە گەشە پێدەدات و دروست دەکات ، نەک هەر لەشى مادى بەڵکو وەک ئوپانیشادەکان دەڵێن تەنانەت بەشێکى بیرکردنەوەش لە خۆراک دروست دەبێت. مرۆڤ بۆ مانەوەى ژیان و میتابۆلیزم و کاتابۆلیزمى خانەکانى لەشى پێویستى بە هەواى پاک هەیە کە لە دەرەوە وەریدەگرێت . پێویستى بە ڕەنگى ڕون و دەنگى سروشتى و ئارامى هەیە تا بتوانێ لە روى دەرونیەوە دامەزراوو تەندروست بێت ، هەڵبەت ئەگەر خۆراکى پاک و ژینگەى پاک رێخۆشکەربن .

بەڵام ئایا ئەمرۆ ئێمە لە کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانى (ئەو شارەى کە خۆمى تیادەژیم ) ئەو ژینگەیەمان هەیە ؟ ئایا هەواکەمان شایەنى هەڵمژینە ؟ ئایە دەتوانین بێ خەم هەناسە بدەین ؟ من دەمەوێت بەرێزان سەرۆکى هەرێم و سەرۆک وەزیرانى کوردستان و لێپرسراوانى وڵات بەتایبەت وەزیرى ژینگە بە وردى لێکۆلینەوەیەکى چڕوپر لەو بارەیەوە بکەن کە دەبو زوتر بکرێت . وەگەرنا گوێمان لێبگرن تا سەرەکیترین و پێویستترین هۆکارى ژیانمان بەئاسانى و بێ دودڵى دەست بکەوێت .

سەرەتا دەمەوێت لەبابەتى هەواوە دەست پێبکەم . دەبێت ڕێژەى گازەکانى ناو هەوایەکى پاک کە شایەنى هەڵمژین بێت و نەبێتە سەرچاوەى نەخۆشى ، واتە هەواى ترۆفۆسفیر Troposphere بەم شێوەیە بێت:

78% نایترۆجین

21% ئۆکسجین

1% گازەکانى دیکە

3، 0 %دوانۆکسیدى کاربۆن لە هەوادا

هەروەها دەبێت گازەکانى وەکو نیۆن و هیلیۆم و کریبتۆن و ئەمۆنیا و ئۆزۆن و میسان بە رێژەیەکى دیاریکراو لە هەوادا هەبن و زیادبونى رێژەى هەریەکیان زیانێکى گەورە لە تەندروستى مرۆڤ دەدات .

بەڵام من دەپرسم ئایا ئەو هەوایەى ئێمە هەڵیدەمژین لەناو شارێکى وەک سلێمانى یاخود هەولێردا بەو رێژانەیە کە باسکران . بێگومان نەخێر لەبەرئەوەى کاتێک دەچیتە سەر شاخى گۆیژەو دەڕوانیتە سلێمانى شارێک لە دوکەڵ و پارچە کۆنکرێتێکى ڕوت دەبینى کە لەوە دەچێت پێش چەند سەد سالێک لەمەوبەر لەترسى ویبایەکى و پەتایەکى کوژەر چۆڵ کرابێت، شارێک کە لەوە ناچێت ژیانى تیادابێت . دوکەڵ لە باکورەوە تا باشور و لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوا وەک هەڵۆیەکى برسى باڵى بەسۆزى بەسەر ئەم شارە هەناسە ساردەدا کێشاوە و دەیەوێت پێمان بڵێت : منم دیارى کارگە و سەیارەو تەکنەلۆجیاى تازە ، منم دیارى دەستى نەبونى سەوزایى و پلان لەشارەوانی دا، منم دیارى دەستى ئەوانەى گوێ بە هەوانادەن چونکە هێشتا نەخنکاون.

بەهەرحاڵ هەرچى لەبارەى پیس بونى هەواى سلێمانى و من دڵنیام هەولێریشەوە بوترێت هێشتا کەمەو دڵ ئارام ناگرێت ، چونکە بەتەنگەوە نەهاتنى ئالودەبونى ئەم شارانە زیانێکى بێ شومار دەدەن و چارەسەرەکەشى کارى خاوەخاو لێکردن نیە . من لە خوارەوە بەکورتى باسى هۆکارەکانى پیس بونى ژینگە و بەتایبەتیش هەوا دەکەم تا بزانین گرفتەکانمان لە کوێدان ، هەڵبەت ئەمە لەڕوى زانستى ژینگەناسیەوە و بە سەرفەنەزەرکردن لە هەندێ هۆکارى وەک ئەو گازانەى کەلە شاخە بورکانیەکان بەرزدەبنەوە یاخود هەورەبروسکە کە دەبێە هۆى زیادکردنى ئۆکسیدەکانى نایترۆجین و ، چونکە تا ئیستا ئێمە لەم مەسەلەیەدا پاک و پارێزراوین. وە ناشمەوێت خۆم لەباسى زیانەکانى مۆبایل و شەپۆلەکانى مۆبایل بدەم لەم نامەیەدا کە ئەمیش یەکێک لە هۆکارە گەورەکانى پیس بونى ژینگەیە ، لەبەرئەوەى چارەسەرى مەحاڵە :

هۆکارەکانى پیس بونى ژینگە و هەوا :

1. سوتانى سەوزایى و دارستانەکان. یەکێک لە دیاردە تازەکان سوتانى شاخ و گرد و دارستانەکانى سلێمانى و دەوروبەریەتى کە زیانێکى زۆرى هەیە بۆ پیس بونى ژینگەو هەواى ئەم شارە ئەزیزە چونکە رێژەیەکى زۆر دوانۆکسید دەکاتە هەواوە . ئێمە لە کوردستاندا بە هەزاران پۆلیسى باخات و دارستانمان هەیەو کەچى کەمترین دارستان و دواکەوتوترین سەوزایى و دارستانمان هەیە لەسەر روى زەوى ، بیابانەکانى عەربستانى لێ بترازێت کە هەموى کراون بە دارستانى سەوز.

2. گێژولوکەو ڕەشەبا خۆڵاویەکان کە لە باشورى عێراق و بیابانەکانەوە دێت بەسەرمانداو بەتەواوى هەواى شار ئەوەندەى دیکە نەشیاو دەکات بۆ هەڵمژین و ئەم جۆرە خۆڵبارانە زیانێکى زۆرى هەیە بۆ رێرەوەکانى هەناسەو خودى دەزگاى هەناسەدانى مرۆڤیش.

3. دوکەڵى سەیارە و تەیارە بەتایبەت ئەو بەنزینەى کە قورقوشمى تیادایە یەکێکە لە هەرە گەورەترین هۆکارەکانى پیس بونى ژینگەو هەوا ، چونکە بەنزین و بەتایبەت ئەو جۆرە لە بەنزین یەکەم ئۆکسیدى کاربۆن و دوەم ئۆکسیدى کاربۆن و دوەم ئۆکسیدى کبریت و ئۆکسیدى نایترۆجین و ئۆزۆنى زەمینى دروست دەکات و ئەم گازانەش وردە وردە دەبنە هۆى دروستکردنى هەندێ نەخۆشى وەک شێرپەنجەو تەنگەنەفەسى و رەبوو و حەساسیەت و گەلێ نەخۆشى دیکە و یەکێکن لە هەرە خەتەرترین هۆکارەکانى پیس بونى ئەم شارانە کە لە پردا ژمارەیەکى زۆر ئۆتۆمبێلى تێ رژا بێ ئەوەى حسابێک بۆ هەواى شارەکە بکرێت . دەبو حکومەتى هەرێم پلانى هەبێت ، دەبو بەرێوبەرایەتى هاتوچۆى هەولێرو سلێمانى هەروا فەرموو لەو هەموو سەیارەیە نەکەن بێ ئەوەى بزانن شار بەرەو روى چ خەتەرێک دەکەنەوە.

4. ئەو تەپوتۆزەى لە سەرجادەکان بەرزدەبێتەوە . یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى پیس بونى هەواى سلێمانى و ئالودەبونى ژینگەى ئەم شارە. بەرزبونەوەى تەپوتۆزى لێوارى سەر شەقامەکانى وەکو شەقامى درێژى شەست مەترى و شەقامەکانى ناوشار و ئەو شەقامانەى وەکو مەولەوى و قەنات کە ماوەیەکى زۆرە کارى تیادەکرێت و پەلە لە تەواو کردنى ناکرێت وەک ئەوەى گوڵ بارانى شار بکات، ئەم تەپوتۆزە شێوەیەکى دیکەى خۆڵبارانى شارە و هۆکارێکى دیکە ئالودەبونى هەواکەمانە.

5. ئەو کارگەکانەى لەناوشار و دەوروبەرى شاردان . کارگەى ڕۆنى تانجەرۆ و کارگەى چیمەنتۆى تاسلوجە و کارگەى قیر و هتد.. لەو کارگە تایبەتیانەن کە هەواى سلێمانیان پیس کردوە و خەلکێکى زۆر دەناڵێنن بەدەستیانەوە . دەبێت ئەم کارگانە ئامێرى تایبەتیان بۆ دابین بکرێت کە بۆ پاک کردنەوەى ئەو دوکەڵ و هەوایە پێویستن . خۆتان دەتوانن لە داتاى ئەو نەخۆشانەى تاسلوجە بڕوانن کە تا چ رادەیەک ترسناکەو نەخۆشى سیەکان و شێر پەنجەو ئالێرژى لەو ناوچانەدا بەرزە لەکاتێکدا چەند جارێک و دەیان جار داواى چارسەریان کردوە و پاراونەتەوە تا نەوەکانیان نەبنە قوربانى بێ ئاگاییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان.

6. مۆلیدە ئەهلى و حکومیەکان… بونى کارەباى حکومى تەنها بۆ ئەوە بەسود نیە کە دانیشتوانى سودى لێدەبینن بۆ راپەراندنى ئیش و کارەکانیان ، بەڵکو نەبونى کارەبا دەبێتە هۆى ئەوەى خەڵکى مۆلیدەى کارەبایى بەکاربهێنن و هەر ماڵێک مۆلیدەیەکى تایبەت بەخۆى هەبێت . ئەم مۆلیدە ئەهلیانە لە دوو لاوە زیان بە ژینگە دەگەیەنن ، لەلایەکەوە گازێکى زۆرى دوانۆکسید و یەکەم ئۆکسیدى کاربۆن و دووەم ئۆکسیدى کبریت و ئۆکسیدى نایترۆجین دەکەنە هەواوەو بەمەش زیانێکى زۆر لە هەوا دەدرێت. دووەم دەنگى ئەو مۆلیدە حکومى و ئەهلیانە خۆیان لە خۆیاندا هۆکارێکن بۆ پیس بونى ژینگە ، چونکە دەنگى بەرز و ناسروشتى یەکێک لە هۆکارەکانى پیس بونى ژینگەیە.

7. سوتاندنى خۆڵ و خاشاک… ئەگەر سەردانێکى تانجەرۆ بکەیت دەبینى کە دۆکەلێکى زۆر باشورى سلێمانى گرتووە ، سەرچاوەى ئەم دوکەڵە یەکەم کارگەى رۆنەو دوەم سوتاندنى ئەو خۆڵەیە کە لە تانجەرۆ کۆدەکرێتەوە . ئایا حکەمەتى هەرێم نازانێت کە رێگەى دیکە هەیە بۆ لەناوبردنى خۆڵ و خاشاک ؟ ئایا نازانێت کە ئەم دوکەڵە زیانێکى زۆرى هەیە ، چونکە ئەو شتانەى دەسوتێن نایلۆن و کاغەز و جلو بەرگ و عەلاکەو چەندەها مادەى کیمیاوى دیکە و خەشوخۆڵى خەستەخانەکان کە پرن لە سەدان جۆر ڤایرۆس و بەکتریا ،زیانى گەورە بە تەندروستى دەگەیەنن.

8. دەنگەدەنگ و بونى فەوزا لەناو شاردا Pollution Noise. مۆلیدە حکومى و ئەهلیەکان، دەنگى سەیارەو کارگەکان ، چڕبونەوەى بیناى بازرگانى و ئەهلى و زۆربونى دەنگدانەوە ، نەبونى باخ و پارکى حەوانەوە ، ئەمانە لەو هۆکارانەن کە ژینگەى شار تێکدەدەن و دەتوانرێت بە بونى باخ و سەوزایى زۆر چارەسەر بکرێن . دەبوو هەرمالێک باخ تایبەتى هەبوایە و رێ نەدرایە ماڵى بێ باخ دروست بکرێت. دەبوو پێش برینى قردێلەى کردنەوەى هەر بینایەکى بەرز ، قردێلەى باخەکەى لەلایەن بەرپرسانەوە ببردرایە.

9. هەموان سەردانى سەیرانگاکانمان کردووە . لەراستیدا یەکێک لەو رەفتارە ناشارستانیەى کە دەیبینى ئەوەیە کە عەلاگەو شوشەى مەیى و خۆڵ و خاشاک فرێ دراوەتە سەر زەوى و ئەمەش کاریگەریەکى زۆر خراپى بۆ سەر ژینگە هەیە.

10. کەمى سەوزایى و دارودرەخت. نەبونى دارستان و سەوزایى لەدەوروبەرى سلێمانى و ناو سلێمانى واى کردوە لە دورەوە ئەم شارە زیاتر لە پارچەیەک کۆنکرێت بچێت تا لە شوێنى ژیانى مرۆڤ. مرۆڤ پێویستى بە سەوزاییە، بەبێ سەوزایى مرۆڤ ناتوانێ بژى و ژیان بێ دارو سەوزى ژیانێکە بێ هەناسە، چونکە ئەوان پرۆسەى پاککردنەوەى هەوا ئەنجام دەدەن، بەڵام: ئەم ساڵ بەتایبەت رێژەیەکى زۆرى درەختى ناو ئەم شارە بررایەوە لە شەقامى مەولەوى و قەنات و شەستمەتریەکە وهتد..، چەند نەمامێکى بچوک لە دەوروبەرى شەستیەکە نێژراون و بۆ چەند سالێکى زۆرى تر سودێکى ئەوتۆ نابینن . من دڵنیام ڕێژەى سەوزى لە ناو سلێمانیدا هێندە کەمە کە باسکردنى عەیبە. ئێمە ئەگەر بێ سەوزى ترین شار نەبین لە جیهاندا ئەوا بەلایەنى کەمەوە لەریزى ئەو شارانەدین کە دوژمنى سەوزین. ئەو ماڵانەى تازە دروست دەکرێن باخیان تیادانیەو ئەمەش بە پێچەوانەى یاساى شارەوانیەوەیە. ئەو ماڵانەشى لە کۆندا دروست کراون حەوشەکانیان دەکەنە گەراج و کاشى . زۆر لەو زەویانەى بۆ باخى گشتى دانرابون ئەمرۆ دەبینى فڵان کەس کریویەتى و کردویەتى بە بیناى گەورە. گردەکانى ناوشار خەریکە دەگەرێنەوە بۆ لاى خواکەى خۆیان و دەگەنەوە بە رۆحى پاکى گردەکەى بەختیارى و ڕیعایە کە زیاد لە چەند هەزار درەختیان تیادا بردرایەوە وەک سیماى شاریان ناشرین کردبێت. سماى شارێک کە عەمودى زۆرترە لە درەخت.

11. دانەنانى کەسى شیاو لەشوێنى شیاوى خۆى. یەکێکى تر لە هۆکارەکانى پیس بونى ژینگە دانانى کەسى نەشیاوە لە بەرێوبەرایەتى و دامو دەزگاکان. هەروەها کارکردنى ئەم کەسانەیە بەپێى عاتیفەو هەواو هەوەسى خۆیان. دەبێت کەسانى دلسۆز و دانا و خوێندەوار و دەوڵەمەند بخرێنە سەر کار، کەسانى هەژار و ئەوانەى جاران پێڵاو لە پێیاندا نەبوە ناکرێت ئەمرۆ بخرێنە سەر خەزنەى ئەم وڵاتە پڕ نەوتە. دەبێت کەسانێک هەوڵبدەن بۆ سەوزکردن و پاککردنەوەى شار کە خۆیان پاک و نائالودەبن بە ژەهرى خۆپەرستى و بەرژەوەندى پەرستى.

12. بێ ئاگایى خەڵک لەو بارەیەوەو ڕەچاونەکردنى تەندروستى ژینگە. زۆرینەى هاوڵاتیانى ئێمە هەر لەمنداڵیەوە وافێرکراون کاتێک بەلاى گوڵێکدا دەرۆن لێى دەکەنەوەو بۆنى دەکەن و فرێى دەدەن،وەک ئەوەى دوژمنى باوک کوشتەیان بێت، کاتێک بەلاى نەمامێکدا دەڕۆن بە لەقەیەک سەلامى لێ دەکەن، وەک ئەوەى تاوانێکى کردبێت، کاتێک درەختێک لەبەر دوکان یان ماڵەکەیدایە تامى تامى پێدەکات بۆ قومێ ئاوو و خوا نەکات بنى نەمامەکە رۆێ لە رۆژان بە تەڕى ببینى، وەک گوناه بێت. خوا هەڵناگرێ شارەوانى و حکومەتى هەرێمیش لەبەر شتى تر فریاى رێنمایى خەڵکى ناکەون. هیچ بەرنامەیەکى تەندرستى فێرکارى ژینگەیى نیە کە منداڵان و خەڵکى فێربکات رێزى ژینگەکەیان بگرن چونکە رێزى تەندروستى خۆیان دەگرن. لە راستیدا وەزارەتى تەندروستیش لەوبارەیەوە تاوانبارە بەوەى کە دەبوو تەندروستى کۆمەڵ و ئەو پزیشکانەى لە زانستى “کۆمیۆنیتى” دا کار دەکەن بیریان لەمانە بکردایەتەوە. دەبێت بەنامەى تایبەت لەوبارەیەوە ئەنجام بدرێت و خەڵکى هوشیار بکرێتەوە. خودى خۆم پار لەگەڵ “کۆمەڵەى هونەرى یۆگا” لە سلێمانى نزیکەى “1000″ نەماممان کرى و لە هەندێ باخدا چاندمان ، هەرچەند بەشى باخچەکانى شارەوانى یارمەتى داین، بەڵام بەداخەوە بەشى زۆرى نەمامەکان کە دەبو ئاویان بدەین ئاو نەدران و وشک بون.

ئەمانە هەندێک لەو هۆکارانە بون کە هەوا و ژینگەى ئەم شارانەیان پیس کردوە و دەشتوانین هەمویان چارەسەر بکەین بەڵام ئەم کارە پێویستى بە کەسانى دڵسۆز هەیە، کەسانێک کە بەخەم ئەو هەوایەوەبن کە هەڵى دەمژن، کەسانێک کە ئەم وڵاتە بەهى خۆیان بزانن، کەسانێک کە بیانەوێت خزمەتى وڵات و خەڵک بکەن نەک خزمەتى بەرژەوەندى هەرگیز تێرنەبوى خۆیان.

دەمەوێت کەمێک باس لە زیانەکانى ئەم ئالودەبونە بکەم، ئەو نەخۆشیانەى لێرەدا باسیان دەکەم لەونەخۆشیانەن کە وردە وردە لە سلێمانیدا سەریان هەڵداوە و بەتەواوى خەریکە بڵاو دەبنەوە :

1. هەوکردنى سیەکان.
2. توش بونى مرۆڤ بە شێرپەنجەى پەردەى دەورى سیەکان Mesothelioma.
3. دەرکەوتنى ڕەبو تەنانەت لە منداڵان دا.
4. حەساسیەتAllergy.
5. کزبونى ئاستى بیستن Impaired hearing
6. کەمبونەوەى ئۆکسجین لە هیمۆگلۆبینى خوێن دا.
7. سەرئێشە .
8. کارکردنە سەر دەزگاى دەماریى جەستەى مرۆڤ .
9. تێکدانى بارى دەرونى مرۆڤ و زیادکردنى خەمۆکى .
10. هیلاکبونى خێراى مۆرڤ .
11. حەساسیەتى چاو .
12. ئەمە سەرەڕاى کەمبونەوە و تیاچونى سەوزایى و دارو درەخت .

نزیکەى یەک ملیۆن مادەى کیمیاوى هەیە کە تا ئێستا دۆزراونەتەوو دروست کراون. 6000 لەم ماددانە لەوانەیە هۆکارى دروست بونى شێرپەنجەبن و1000 دانەیان سەلمێنراون کە نەخۆشى لە گیانداراندا دروست دەکەن و200 دانەیان سەلمێنردراون کە شێرپەنجە لە مرۆڤدا بەرهەم دێنن . یەکەمین هۆکارى گواستنەوەى ئەم گازانە بۆ ناو مرۆڤ و کاریگەریان لەسەر مرۆڤ رێگەى هەناسەیە کە پیس بونى ژینگە راستەوخۆ کاردەکاتە سەرى. هەربۆیە ژینگە وەک فرۆکەیەک وایەو ئێمەش فرۆکەوانەکەى و تێکدانى ئەو فرۆکەیەى کەئێمە تیایداین کارێکى سەرسورهێنەرو روخێنەرە. پیس بونى ژینگە هەڵەیەکە بە نەخۆشى و ناخۆشى و نەهامەتى خەڵکى کۆتایى پێ دێت و پێویستى بەچارەسەرى خێرایەو ڕواندنى سەوزایى و کەمکردنەوەى ئۆتۆمبێل و موەلیدەى کارەبا و پاککردنەوەى شەقامەکان و چارەسەرى سوتانى خۆڵ و خاشاک و دوکەڵى کارگەکان لەو ڕێگایانەن کە ئێمە دەتوانین بەهۆیانەوە چارەسەرى ئالودەبونى هەواو ژینگەکەمانى بکەین .

وەک هاوڵاتیەک و وەک یۆگیەک و وەک دڵسۆزێکى ئەم شارە و هەموو کوردستان بەناوى خۆم و (کۆمەڵەى هونەرى یۆگا)وە داوا لەبەرێزان سەرۆکى هەرێم و سەرۆک وەزیران و شارەوانى سلێمانى و شارەوانیەکانى دەوروبەرى سلێمانى و وەزارەتى ژینگەو لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەمو دانیشتوان دەکەم کە بەتەنگ ژینگەکەیانەوە بێن و هەوایەکى پاک بۆ خۆیان و نەوەکانیان فەراهەم بێنن ، چونکە ئەم ئەرکە تەنها ئەرکى حکومەت نیە بەڵکو ئەرکى هاوڵاتیانیشە. داواکارم ئەم بابەتە بەوردى کارى لەسەر بکرێت و بازرگانى و ئیهمالى و نەزانى کۆمپانیاکان و تاکەکەس نەبنە هۆکارێک بۆ پیس بونى ژینگەى ئەم شارانەى کە بە خوێنى شەهیدان و کەسانى دڵسۆز و زانست خواز ئازادو ئاوەدان کراوەتەوە. وڵاتێک کە خوێنى زەردەشتى ژینگە پەرستى پیادا دەگەرێ دەبێ ئێمە بە دڵ و رۆح بیپارێزین.

نووسینی : یۆگی : هاوبیر کامه‌ران
مامۆستای کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری یۆگا

لێدوانێك بنووسە