ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

نەبوونی وەزارەتی ژینگە لە کوردستاندا...بۆ؟

هەرێمی کوردستان خاوەن پەرلەمان و دامودەزگای حکومی و وەزارەتەکان کە هەر یەکە و بە پێی تایبەتمەندێتی خۆی کاری خۆی ڕادەپەڕێنێ،

 دیارە تایبەتمەندێتی مۆرکی جۆری کار دیاری دەکات، ئەوەی جێی سەرنجە ونبوونێك لەو دامودەزگایەدا هەیە کە زۆر جار لە پرسیارکردن لێی هەڵوێستەیەك دەکەیت ئەویش نەبوونی وەزارەتی ژینگەیە، وەرچەرخانێك لە دونیای ئەمڕۆدا کرابێت و دژایەتی نامرۆڤایەتی بکات کارکردن بووە لە بواری ژینگەدا، حیزبی سەوزو ڕێکخراوەکانی سەر بەو بوارە لە جیهاندا بەردەوام لە داهێنان و توێژینەوەو لە خزمەتی مرۆڤایەتیدان بە دژایەتیکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و وزەی ئەتۆمی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی وزەی نوێکراوەو دانانی پێوەری تایبەت بە ڕێژەی گازە زیانبەخشەکان لە هەواو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبیل و گەڕانەوە بەرەو سروشتێکی پاك و ئاسانکاری لە بەرنامەکانی کارکردن و وابەستەبوون بە پەیڕەووپرۆگرامێکی تەندروست بۆ مناڵ وگەورە و کۆنتڕۆڵی جۆری بۆ خواردن و پەروەردەکرنی مناڵ و تەنانەت بەخێوکردنی ئاژەڵ و ئاوو ئاوەڕۆ و زۆریتر.

 بابەتێكیش کە بەردەوام لە مانشێتەکاندا زەق دەبێتەوە سووتاندن و لەناوبردنی خۆراك و دەرمانی بەسەرچووە، نەبوونی وەزارەتی ژینگەو بوونی ئەم هەموو کەموکورتییە و داواکردنی کۆمەڵگایەکی دروست پێچەوانەی یەکن و دوو نەزانراوی یەك هاوکێشەی ناهاوسەنگن، لێرەدا دەستخۆشی کردن لە سوتان و لەناوبردنی ئەو کاڵایانەش گرنگ نییە بەڵکو دۆزینەوەو هۆکار و گەڕان بەدوای ئەو پرسیارەی بۆ ئەو کاڵایانە دێنە نێو ئەم سنورەوە؟ لە کاتێکدا بە بەردەوامی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو دەوێرێ ئەمدیو بکرێ و هەژار و نەدار ناچارن بە هەرزان بەکاریبهێنن کە نازانرێ سەرچاوەو پرۆسەی دروستکردن و پێکهاتی ئەو خواردن و دەرمانانە چییە و لە کوێوەیە؟ چەند ئاماژەیەك لێرەو لەوێ هەیە کاری خۆیان ڕادەپەڕێنن و بواری ژینگەیان گرتووەتە ئەستۆ بەڵام ئایا ئەم دەستە و ڕیکخراوو تایبەتمەندانە کاری وەزارەتێکیان پێ ڕادەپەڕێنرێت؟

لەسەردەمی بەعس کوردستان نەك هەر دانیشتوانی جینۆساید کرا بەڵکو سەراپا  ژینگەکەشی ئیکۆساید کرا، دارستان و ڕوبار و پەلەوەر و خاك و باخ و بێستان و کەش وهەواکەشی ژەهراوی بوون کە بە ساڵ و دوساڵ ناچێتەوە دۆخی جاران و ئوتۆمبیلێکی بێ شومار گازی زیانبەخش بەڕەڵلا دەکات و چڵکاوی نێو کۆڵان دەست وپەنجەی مناڵ و جل و بەرگی ڕیبوار پیس دەکات و چەندەها دیاردەی تر کە ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ هەناسەو هاتوچۆ و خۆراکی ئەم خەڵکە دەکەن، باڵەخانە وخانوەکان لەبەر بێ باخچەیی و سەوزایی هەر چیمەنتۆ و بەردە و هیچ پێوەرێکی تەندروست و بەسود نییە بۆ هیچ ماستەرپلانێکی نێو شار و ئەمانە هەمووی چەندانیتر لە کەموکوڕی کە هیچ ڕەخنەیەك دانیشتوان و جەماوەر ناگرێتەوە و هیچ پرسیارێك ڕووبەڕووی هیچ پرۆژەیەك نابێتەوە لەبەر ئەوەی بوونی پێوەر و وابەستەبوونی پرۆژەکان و تەنانەت تاکی خەڵکیش لەژێر چاودێری و ڕێنمایی حکومەت پاشان وەزارەتی ژینگە دەبێت کە لە کوردستاندا سڕراوەتەوە نەك جەماوەر.

دیاردەیەکی خەتەرناك کە هەموولایەك لە دەوروپشتی خۆماندا هەستی پێدەکەین زۆربوونی نەخۆشی شێرپەنجەیە کە هەڕەشەیەکی تەواو لە سەر ژیانی جەماوەر دەکا، تەمەنی جۆراوجۆر و شاروشارۆچکەو ژن وپیاو و هیچ پێوەرێكی نییە بۆ جیاکردنەوە، دیارە ئەم بابەتە زیاتر کاری تەندروستییە بەڵام توێژینەوەی زۆرو بەدواداچوونی خێرا و دۆزینەوەی هۆکارو پاڵپشت و سەلماندنی بنەماسەرەکییەکان بۆ تەشەنەکردنی ئەم نەخۆشییە کارێکی لە پێویست پێویستترە، بوونی وەزارەتی ژینگەو کارکردنی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ توێژینەوەو بەدواداچوون و گەڕان لە دوای هۆی زیادبوونی ئەم دەردەکوشندەیە زۆر پێویستترە لە زۆرێك لەو بڕیارانەی لەوانەیە زۆر کەمتر لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بن.

پاكوخاوێنی هەوا و پاراستنی ژینگەو بەکارهێنانی وزەی نوێکراوەو فراوانکردنی ڕوبەری سەوزایی و کەمکردنەوەی بە بیابانیکردنی دارستان و بەخۆرا بەکارنەهێنانی ئاوو زۆر کاری گرنگ و پێویست و خێرا لە ئەوپەڕی پێویستیدان بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی پاک وپوخت و کە بە دڵنیاییەوە کەسانی تایبەتمەند و شارەزای دەوێت نەك تەنها ژینگەدۆست و ژینگەپارێز.

توێژینەوەی زانستیانەی ئەو دیاردانەی کە پەیوەندی زۆری بە ژینگەوە هەیە بۆ نمونە نەخۆشی شێرپەنجە بۆ ئەمڕۆی کوردستان لە پێشەنگی کارەکاندایەو دەستپێکردنی چەند زووبێت درەنگە ئەم نەخۆشییە هەڕەشە لە ئێستا و داهاتوو دەکات و تادێ ڕێژەکەی زیاتر و هۆکارەکەی نادیارترە بەڵام توێژینەوەی چڕ دەتوانێ زۆر لەو پرسیارانە وڵام بداتەوەو دەتوانرێ تا ڕادەیەك سەرەداوی ئەم کارەساتە بدۆزرێتەوە، پاکی ئاوو هەواو خواردن و ژاوەژاوی شەقام و نائارامی چاندنی سروشتی سەوزەو دانەویڵە وزۆریتر هەریەکەو لەمانە کاریگەری و ڕێژەی سەدی خۆی هەیە و بەشدارە لە تێکچوونی باری تەندروستی مرۆڤ.

وشیارکردنەوەو بەئاگاهێنانەوەی جەماوەر لە خۆپاراستن و ڕاگرتنی پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگە و زۆریتر پێویستن بەڵام بەبێ بوونی وەزارەتێك کە تایبەتمەند و بەرنامەڕێژی خۆی هەبێت و توێژینەوە لە کەموکورتی و بەدواداچوون لە هۆکارەکان بکات زەحمەت دەستکەوت و سەرکەوت بێت!

مەدیحە سۆفی/  ئەڵمانیا
سايتى رێخراوى سەوزى ئەوروپى-كوردستانى

لێدوانێك بنووسە