ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

فڕێدانی خۆڵ و خاشاك

هەفتەی رابردوو لەكاتێكدا بەرەو ناو شار دەرۆیشتم، سێ دیمەنی زیان بەخشم بینی كە زۆر ئازاری دام، خۆشی سپێدەی بەیانی لێ تێكدام كە مرۆڤ هەستی پێدەكات كاتێك بەرێگەوە بەرەو كارەكەی دەڕوات كە لێوان لێوە لە گەشبینی و ئاوات. دیمەنی یەكەم بریتی بوون لەو شووشە شكاوانەی خواردنە گازییەكان لەنزیك تەل بەندی باخچە گشتییەكان لەگەرەكی «هەوارە بەرزە». دیمەنی دووەم لەبەردەم قوتابخانەیەكی بنەڕەتییدا بەدیم كرد كە بەبۆنەی كۆتایی ساڵی خۆێندنەوەو كتێب و دەفتەرو و پەرەیەكی زۆرفرێدرابوون. دیمەنی سێیەم لەشەقامی مەولەوی و لەنزیك بەردەركی سەرای سلێمانی لەناوجەرگەی سلێمانی تۆشی بووم، كاتێك پیاوێكی ئەفەندیم بینی پاقلەی كوڵاوی دەخوارد لە بەردەم یەكێك لەكۆگا بازرگانییەكان و بێ شەرمانە تۆێكڵی پاقلەكەی فرێدەدایە بەر پێی هاتوچۆكەرانی شەقامەكە، بیرم كردەوە قسەی لەتەكدا بكەم و لەهەڵەكەی ئاگاداری بكەمەوە، بەڵام ترسی ئەوەم هەبوو سووكایەتیم پێبكات و دەمانچەم لێ رابكێشێت. ئەو دیاردە كۆمەڵایەتییە نەرێنیانە وێنەیەكی ناشیرین و بەئازارن لەسەر دواكەوتنی كۆمەڵایەتی و شارستانییه‌تمان. وەك ئەوە وایە كەلەسەدەكانی ناوەڕاستدا بژین، هیچ هۆشیارییه‌كی كۆمەڵایەتی و ژینگەیی، گیانی هاووڵاتیبوون و خۆێندەواریمان نەبێت. بەراستی دیاردەیەكی ناشیرینە لەكۆمەڵگەی كوردستانی و عیراقی و عەرەبیدا بەگشتی. سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری كوردستانە، شاری باخچە و درختی تووە، لەبیستەكانی سەدەی رابردووە بە خۆێندن و خۆێندنەوە و رۆژنامەوانی و شانۆ و كۆمەڵەی رۆشنبیری و راپەرینی جەماوەری ئاشنا بووە لەدژی داگیركەر و سەركوتكاران، ئیدی چۆن ئەو رەفتارە كۆمەڵایه‌تییە دواكەوتوویه‌ی تێداماوە؟ هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی شەكلی فێركردن كە زۆر دوورە لە كۆمەڵگە و ژیان و بوژاندنەوە كە تەنها بایەخ بەوەرگرتنی بروانامە و بەدەستهێنانی پۆستی حكومی دەدات، لەكاتێكدا ئامانجی سەرەكی فێركردن لەجیهانی پێشكەوتوودا بونیاتنانی مرۆڤە لەرێگەی گۆڕینی دەستكەوتە زانستی و زانیاریە نوێیەكان بۆ رەفتاری هەڵسوكەوت لەلای تاك كە لە عەقڵ و رەوشت و كاروكردەوەكان و پەیوەندییەكانی بەكۆمەڵگە و ژینگە و جیهان بەگشتی دەردەكەوێت. بەهۆی جیاكردنەوەی فێركردن لە كۆمەڵگە و ژیان لەوڵاتە عەرەبییەكاندا، نوێكردنەوە روویدا بەبێ  نوێگەری، واتە تەنها بایەخدان بە دیاردە مادییەكان و بەجێهێشتنی هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بەناخی مرۆڤەوە هەیە. لێرەوە دەبینین محەمەد ئەرگۆن «بیرمەندی جەزائیر» جیاوازی دەكات لەنێوان نوێگەری و نوێبوونەوە، نوێگەری بریتیە لەهەڵۆێستی رۆح لەبەردەم كێشەی زانین، بریتیە لە هەڵۆێستی ناخ لەبەردەم هەموو ئەو پرۆگرامانەی كە عەقڵ بەكاری دەهێنێت لەپێناو گەیشتن بە زانیارییه‌كی بەرجەستە. نوێكردنەوەش تەنها بەكارهێنانی تەكنیك و داهێنانە نوێیەكانە لە گۆرەپانی عەرەبی و ئیسلامیدا، واتە بەكارهێنانی داهێنانە ئەوروپی و بەكاربەرەكان و ئەنجامدانی نوێكردنەوەی شكڵی و دەرەكیین كە هیچ گۆرانكارییه‌كی ریشەیی لەخۆناگرێت لەهەڵۆێستی تاكی عەرەبی موسڵمان بۆ ژیان و گەردوون. لەژێر رۆشنایی ئەو راستییەدا دەتوانین لە رەفتاری ئەو ئەفەندییە بگەین كە پاقلە دەخوات و تۆێكڵكەی فرێ دەداتە سەر شەقامەكە، ئەو جلی سەردەمییانه‌ لەبەردەكات و لەوانەشە خاوەنی بروانامە بێت، مۆبایل و ئەنتەرنێت بەكار دەهێنێت، بەڵام رەفتاری، رەفتاری مرۆڤی جەنگڵستانە. لەوبارەیەوە نووسەرێكی ژاپۆنی لەكتێبی « عەرەب لەدیدگای ژاپۆنییەوە» دەپرسێت بۆچی عەرەب پەرۆشە بۆ ئەوەی ماڵەكەی پاك و خاوێن بێت، بەڵام ئەو شەقامی نیشتەجێیە تێدا پڕی دەكات لەخۆڵ و خاشاك، واتە هۆشیاری كۆمەڵایەتی نائامادەیە، ئەو هۆشیاریە وادەكات مرۆڤ جیاوازی بكات لەنێوان بەرژەوەندی خوی و بەرژەوەندی گشتییدا. بۆچی پێشتر خۆێندەوار هەموو شتێكی دەزانی لەبارەی پاك و خاوێنی و پاراستنی یاساو رێزگرتن لەكات؟ چونكە قوتابخانە لەو سەردەمەدا بایەخی بە پەروەردەی كۆمەڵایەتی دەدا، لەبەر ئەوە ئێمە بەئاسانی دەمانتوانی جیاوازی بكەین لەنێوان خۆێندەوار و نەخۆێندەواردا، بەڵام لەم سەردەمە قورسە بەو جیاوازیە بزانین. لەوانەیە هەندێك بپرسن بۆچی جەخت لەسەر دیاردەی فرێدانی هەرەمەكی خۆڵ و خاشاك دەكەینەوە و بایەخی زۆری پێدەدەین؟ ئەم دیاردەیە نیشانەی دواكەوتنی كۆمەڵایەتییە بەگشتی بۆچی؟ چونكە هەر كەسێك خۆڵ و خاشاك بەشێوەیەكی هەڕەمەكی فڕێ بدات پێش بیینی هەموو سەرپێچیكردنێكی لێدەكرێت وەك سەرپێچی كردنی سیستم و یاساكان، نادڵسۆزی لەكاركردندا، دەستدرێژی كردنەسەر كەسانی دیكەو پێشێلكردنی مافەكانیان، مەیلی رووخاندن و تێكدان و... هتد. بەكورتی لێرەدا پره‌نسیپی پابەندبوون بەدی ناكرێت و نائامادەیە، هەڵسوكەوتی هەڕەمەكیانە وەك ئەو مرۆڤانە هەڵسوكەوت دەكەن كە ژیانی سەرەتایی دەژین وەك ئاژەڵ هەموو شتێك حەڵاڵە بۆیان. لێردەدا پرنسیپی پێناسەكردنی «شارستانییەت» بەبیر دەهێنینەوە لەوانەش پیناسەكەی «فروید»، هەموو ئەو رێوشۆێنانە دەگرێتەوە كە ژیانی مرۆڤایەتی تێیدا باڵا دەكات و لە مەرجی ئاژه‌ڵ بوون جیایدەكاتەوە، و لەپره‌نسیپی ژیانی ئاژەڵان جیاواز دەبێت، یان پێناسە دەكرێت كە كۆمەڵێك دەستكەوتی مادیی و رۆحی كۆمەڵگەیە بە پێشكەوتنی مێژوویشەوە. سوێندتان دەدەم چ جیاوازیەك هەیە لەنێوان مرۆڤێكدا كە خۆڵ وخاشاك لەجامی ئۆتۆمبێلەكەیەوە فرێ بداتە سەرشەقامەكان لەگەڵ ئاژه‌ڵدا؟
بۆچی چارەسەركردنی ئەو دیاردە كۆمەڵایەتییە لەرێگەی پەروەردەوە دەكرێت؟چونكە پەروەردەی راستەقینە بریتیە لە فراوانكردنی ئاسۆی بیركردنەوەی مرۆڤ لە رووی عەقڵی و دەروونییەوه‌، ئەو ئاسۆیە بەبێ پەروەردە و فێركردن بەتەسكی دەمێننەوە، و لەرێگەی پەروەردە و فێركردنەوە بەزانیاری و زانینی جۆارجۆر فراوان دەبێت. تا مرۆڤ والێبكات بتوانێت جیاوازی نەكات لەنێوان پاك و خاوێنی ماڵ و شەقام و ژینگەکه‌یدا بە گشتی. چونكە پاك و خاوێنی ژینگە درێژەی نابێت و پیسی شەقامەكان و ئەو خۆڵ و خاشاكانەی كە مرۆڤی دواكەوتوو لە ئۆتۆمبیلەكەیەوە فرێیدەدات كاریگەری دەبێت لەسەر پاكی ژینگە، كە زیان بە خۆی و تاكەكانی خانەوەداكەی و هاووڵاتیان دەگەێنێت، زیانی تەندروستی و جوانی و ئاسایشی دەبێت. ئەوە ئەركی راستەقینەی پەروەردەیە نەك پەروەردەی رواڵەتی كە ئێستا لای خۆمان بەربڵاوە. لەبەر ئەوە پەروەردە لای خۆمان ئەركە شارستانییه‌تیەكە بەدی ناهێنێت كە بریتیە لە فێركردنی گەنج و لاوان به‌ پره‌نسیپی «هاوسەنگی لەنێوان ماف و ئەركدا»، هەركاتێك ئەو كەسانە فێری ئەو پره‌نسیپە شارستانییانە بوون، ئەوكات بە پەرۆشییەوە وەك مافی خۆیان پارێزگاری لە پاكی شەقام و ژینگەكەیان دەكەن وەك ئەركی سەرشانی خۆیان و بەپەرۆشەوە بەشداری دەكەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە.
بەرچاوترین دیاردەكانی فریچدانی هەرەمەكی خۆڵ و خاشاك.
١- فرێدانی پاشەرۆی شتومەكە بەكارهاتووەكان لەخواردن و خواردنەوە لەسەر شەقام و باخچە و شۆێنە گشتییەكان و فەرمانگە حكومییەكان وەك قوتابخانە و نەخۆشخانەكان و...هتد لەبری فرێدانی شۆێنە تایبەتییەكانی خۆڵ و خاشاك.
٢- كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی شەقام و ناوچەكانی نیشتەجێبوون و لەبری فرێدانی لە شۆێنە تایبەتەكانی خۆڵ و خاشاكەكان دەخرێنە بەردەم ماڵەكانی دیكە.
٣- فرێدانی خاشاك بەتایبەتی دەبەی ئاو و بوتڵی خواردنەوە گازییەكان و جگەرە لە جامی ئۆتۆمبێلەكانەوە بۆ سەرشەقام و پیادەره‌وەكان، یاخوود فرێی دەدەنە سەر شوێن پێی ئۆتۆمبێل بەتایبەت كە ئۆتۆمبێلەكە كرێ بێت. ئێستاش ئەوەم بیرە كە چەند ساڵێك پێش ئێستا لە ئۆتۆمبێلێكی تاكسی دا بووم من لە پێشەوە دانیشتبووم و دوو خۆێندكاری دیكەی زانكۆش لە دواوە دانیشتبوون، بەرێگەوە بووین لە زانكۆی كۆیەوە بۆ سلێمانی دەرۆیشتین، دوو خۆێندكارەكەی دواوە گووڵەبەرۆژەیان دەكرتاند و تۆێكڵی گوڵەبەرۆژەكەیان فرێدەدایە ناو ئۆتۆمبێلەكەوە، چەند جارێك شۆفێرەكە لە ئاوێنەی ئۆتۆمبێلەكەوە تەماشای كردن، بەڵام ئەوان هەر گوێیان پێنەدا، ئیتر شۆفێرەكە راوستا و داوای لێكردن كە دابەزن لە ئۆتۆمبێلەكە، ئەوكات پێیان گووت پێویست بوو ئێوە هەردووكتان خۆێندكاری زانكۆن شۆفێرەكە فێری رەوشتی جوان و یاسا بكەن، نەك بە پێچەوانەوە.
٤- لەگەشتی خێزانی یا گشتییدا «قوتابخانە و زانكۆكان» پاشماوەكان لە شوێنە سەوزاییەكان بەجێدەهێڵدرێن، كەمجار بیر لەوە دەكەینەوە كۆیان كەینەوە بیانخەینە كیسەوە و لەشۆێنی تایبەت بەخۆڵ و خاشاك فرێی بدەین.
پێویستە لەسەرمان «دایكان و باوكان، مامۆستایان لەقوتابخانە و زانكۆكان، پیاوانی ئاینی و رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سیاسەتمەداران لە «حكومەت پەرلەمان» بەرپرسیارێتی نەهێشتنی ئەو دیاردەیه‌یان دەكەوێتە ئەستۆ بەدوو رێگە :.
١- پەروەردەو رۆشنبیری لەماڵ و قوتابخانە و زانكۆ و دەزگاكانی راگەیاندن و هونەرمەندان.
٢- یاسا دارێژەران كە سزای دارایی بسەپێنێت بەسەر ئەوكەسانەدا كە ئەو رەفتارە دواكەوتویە ئەنجامدەدەن.

پ.د.فایه‌ق مسته‌فا‌ - کوردستانی نوێ

لێدوانێك بنووسە