ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

به‌رپرسیارییه‌تی تاك به‌رامبه‌ر ژینگه‌

پرۆژەكانی پاراستنی ژینگە كاتی زۆری دەوێت تا بە ئەنجام بگات و تێچونیشیان بە گشتی زۆرە، بەڵام ئەگەر تاكەكانی كۆمەڵگە لەلای خۆیانەوە كار بۆ پاراستنی ژینگە بكەن ئەنجامەكان باشتر دەردەكەون و رەنگە كێشەیەك نەمێنێتەوە بە ناوی پیسبوونی ژینگەوە.

لێرەدا ئەركەكانی تاكمان بەرانبەر ژینگە لە پێنج تەوەردا كۆكردۆتەوە:

١. پاراستنی وزە
كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزەی كارەبا كاریگەری لەسەر پاراستنی ژینگە بەجێدەهێڵێت، چونكە زۆربەی وێسگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئێستا بە سوتاندنی گاز و نەوت كار دەكەن و ژینگە پیس دەكەن، لە رێگا كاریگەرەكان: كەمكردنەوەی ژمارەی گلۆپ لە ماڵەوە و كوژاندنەوەی ئەو گڵۆپانەی كە پێویست نین، بەكارنەهێنانی ئەو ئامێرانەی وزەی كارەبایان زۆر پێویستە وەك جلشۆر و فێنككەرەوە گەورەكان، دیزاینكردنی خانو و بیناكان بە شێوەیەك كەمترین روناككەرەوەیان پێویست بێت و ئەنجامدانی وەرزشی سروشتی لە جێگەی ئەو ئامێرە وەرزشیانەی كارەبایان پێویستە.

٢. پاراستنی ئاو
كەمبوونەوەی ئاو لە سەرچاوە سروشتیەكاندا گۆڕانكاری بەسەر ژینگەدا دەهێنێت و پیسبوونی لێدەكەوێتەوە، لەم بوارەدا پێویستە: سیستمی ئاوی ماڵەوە بەشێوەیەك دابنێین رێگە بە لێچوون و بە فیرۆدان نەدات و بەكارهێنانی دەستشۆری هاوڕێی ژینگە كەمترین ئاو بەكاردەهێنێت بۆ پێویستیەكان.

٣. رێكخستنی گواستنەوە
هاتوچۆكردن بە هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی پارەت بۆ دەگێڕێتەوە، ژینگە دەپارێزێت لە پیس بوون، رێگا دەكاتەوە بۆ جوڵەی زیاتر و لەشساغی، بۆیە باشترە لە ئۆتۆمبیلە گرانبەهاكان و سوتێنەری بڕێكی زۆر سوتەمەنی بەكارنەهێنین.

٤. دوبارەبەكارهێنانەوە
لە زۆر وڵاتانی جیهاندا كەرەستەی یەكجار بەكارهێنان قەدەغەكراوە، هۆكاری سەرەكی پیسبوونی ئاو و خاك لە وڵاتی ئێمەدا كیسی نایلۆنە كە تەنها یەك جار بەكاردێت و پاشان فرێ دەدرێت، پێوستە بزانیت ئەم كیسانە هەزارەها ساڵ لە خاكدا دەمێننەوە پێش ئەوەی شی ببنەوە. پێویستە بەهیچ جۆرێك دەفر و كیسە و پێداویستی یەكجار بەكارهێنان نەكەینە پێداویستی رۆژانە و بنەبڕكردنیان بكەینە كەلتور.

٥. لە دەرەوەی ماڵەوە
‌لە باخچەكاندا و لە دەشتودەردا رواندنی دار و پاراستنی رووبەری سەوزایی ئەركی هەموو كەسێكە، هەندێك كەس بەمەبەستی بەپیتكردنی خاك پاشماوەی خۆراك و میوە لە جێگەیەكی تایبەتدا لە باخچەكەیاندا هەڵدەگرن.

ماڵپەری دەستوور

لێدوانێك بنووسە