ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

سلێمانی شارێک لە نێو ته‌پ‌ و تۆزدا رێژەی سەوزایی نزیکەی(10%)یە

کاتێک لەبەرزاییەکانی چیای گۆیژەو ئەزمەڕەوە سەیری شاری سلێمانیی دەکەیت، تەمێکی سپیی چڕ بەسەر شارەکەوەیە. ئەو تەمە ھیچ نییە جگە لەو تۆزو گازانەی رۆژانە لەکارگەو ئوتومبێلی دانیشتوانی شارەوە بەرزدەبێتەوەو لەئاسمانی شارەکەدا دەوەستێت. بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیی، محەمەد سەعید گرنگترین ھۆکارەکانی ئەو پیسبونەی ژینگەی سلێمانیی بۆ ئاوێنە روندەکاتەوە.

رەشەباکەی سلێمانیی ڕەحمەتە
بۆ ھۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە، بەرێوەبەرەکەی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیی ئاماژە بەزۆریی دانیشتوانی سلێمانیی‌و ھەڵکەوتەی تۆبۆگرافی ئەو شارە دەکات. ئەو دەڵێت سلێمانیی شارێکە دەوردراوە بەچەند شاخێک و مەودای گەشەکردنیشی کەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام ژمارەی دانیشتوانی زیاد دەکات‌و بیناو خانوی نوێ دروست دەکرێت. ھەمو ئەمانەش کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە ھەیە. بەڵام رەشەبا کاریگەریی باشی ھەیە بۆ لابردنی ئەو تۆزو خۆڵە‌و پاککردنەوەی ناوبەناو.
ئەگەر ئەو پیسبونە بارانی بەسەردا ببارێت، ئەوە دەبێت بەبارانی ترشەڵۆکیی‌و کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوه‌ی رێژەی سەوزایی، بەڵام بەگوتەی بەرێوەبەرەکەی فەرمانگەی ژینگە تا ئێستا ژینەگەی سلێمانیی‌ بەو شێوەیە پیس نەبوە تا بارانی لەو جۆرە دروست ببێت.

ئۆزۆنی باش‌و ئۆزۆنی خراپ
زۆربونی ئەو تۆزو غوبارە لەناو شارەکاندا دەبێتە ھۆی دروستبونی چینێکی گازی ژەھراویی کە بەئۆزۆن ناسراوەو جیاوازە لەو ئۆزۆنەی لەبەرگە ھەوای زەویدا ھەیە. ئۆزۆنی باش لەبەرگە ھەوای زەویدا ھەیە‌و بەسودە بۆ رێگرییکردن لەھاتنی گازی ژەھراویی بۆ سەر زەوی. ئۆزۆنی خراپ ئەوەیە لەئەنجامی گازە ژەھراوییەکانی ئوتومبێل‌و کارگەکاندا ھەیەو لەبەرزایی تا 10 کیلۆمەتر لەزەوییەوە دروست دەبێت‌و ئەمەیان مەترسی بۆ ھەمو زیندەوەران ھەیە.
بۆ پێوانەکردنی ئەو گازانە، محەمەد سەعید ئاماژەی بەوەدا “داوای چەند ئامێرێکمان کردوە بۆ پێوانی ئەو تۆزو گازانە، یەکێکیان بۆ کڕیوین‌و بەڕێوەیە بگاتە دەستمان. ئەو ئامێرە رێژەی ھەمو گازەکان لەھەوادا دەپێوێت. شوێنمان دابینکردوە کە لەبازیانەو لەوێ دایدەنێین، ئەویش بەھۆی بونی ئەو کارگەی چیمەنتۆیە لەو ناوچەیە. ئەگەر ئامێری دیکەشمان بۆ بکڕدرێت ئەوا لەناوچەکانی تانجەرۆو ناوشاریشدا دایدەنێین. بەڵام لەئێستادا تەنھا ئامێرێکی بچوک‌و دەستییمان ھەیە”.

سەوزایی چارەسەری زۆربەی کێشە ژینگەییەکانە
روبەری رێژەی سەوزایی سلێمانیی لەئاستی کوردستان‌و عێراقدا یەکەمە‌. رێژەی سەوزاییش نزیکەی 10%ی شارەکەیە. بەوتەی بەرێوەبەرەکە لەساڵی 2007 کاتێک ژینگەی سلێمانیی دروستبو، تەنھا 1%بو. بەرزبونەوەی رێژەی سەوزاییش دەبێت ھۆی چارەسەی زۆربەی کێشە ژینگەییەکان. بەتەواوبونی پارکی ھەواری شاریش ئەو رێژەیە زیاد دەکات‌و نزیک دەبێتەوە لەستانداردی جیھانی بۆ رێژەی سەوزایی لەشارەکاندا کە 15%یە.
لەشاری سلێمانییدا چەند پرۆژەو رێنماییەک ھەیە بۆ زیاتر سەوزکردنی شار، بۆ نمونە ھەر ھاوڵاتییەک خانویەک دروستبکات دەبێت 15%ی سەوزایی بێت، ئەگەر ئەو رێژەیە لەنەخشەی بیناکەیدا نەبێت پەسەند ناکرێت. “بەڵام دەبێت ئەوە چاودێریی بکرێت‌و بەدواداچون ھەبێت، چونکە بەشێک لەھاوڵاتییان لەنەخشەی خانوەکانیاندا سەوزایی ھەیە، بەڵام لەواقعدا دەیکەن بەچیمەنتۆ”.
بەپێی یاسای ژینگەی ساڵی 2008 کە لەپەرلەمانی کوردستان دەرچوە، ھەر پرۆژەیەک بکرێت بەپێی رێنماییەکانی ژینگە دەبێت بکرێت‌و بەفلتەری ژینگەدا تێبپەڕێت.
بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیی ئاماژەی بەوەشدا کە فەرمانگەکەیان بەردەوام سەرقاڵە بەھۆشیاریی ھاوڵاتیان بەپێدانی ڕێنمایی‌و کردنەوەی خول‌ بۆ قوتابخانەو خوێندنگاکان. ھەروەھا لەھەماھەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ رێکخراوەکاندا “چونکە پاراستنی ژینگە تەنھا بەلایەنەکانی حکومی ناکرێت، بەڵکو دەبێت رێکخراوەکان‌و ھاوڵاتیانیش بکرێن بەبەشێک لەپرۆژەی پاک راگرتنی ژینگە”.

ئا: رێنوار نەجم - ئاوێنە نیوز - ٩ی ئاب ٢٠١٤

لێدوانێك بنووسە