ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

زبڵی هەر تاكێكی كوردستان 4 هێندەی ستانداردی جیهانییە

هەرچەندە هەر تاكێكی هەرێم 4 هێندەی ستانداردی جیهانی زبڵ بەرهەم دەهێنێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی زبڵەكە بكرێتەوە پارە، پارەی لێ خەرج دەكرێت.

زبڵدانەكان پڕ دەبن لە زبڵی ئێمە. پاش داخستنی دووكانەكان قەڵایەك لە كارتۆن و پلاستیك و شووشە و خواردەمەنی بەجێ دەمێنێت. هەر تاكێك دوو كیلۆ و هەموومان پێكەوە لە هەر ڕۆژێكدا دوو هەزار تۆن زبڵ پێشكەشی ژینگەكەمان دەكەین.

ئەو زبڵە لەلایەن 4 كۆمپانیاوە لە وێستگەیەكی ناوەندی كۆ دەكرێنەوە و بە كەبسێكی 10 تۆنی دەبردرێتە زبڵخانەی كانی قڕژاڵە و دادەپۆشرێت.

بەگوتەی عەبدوڵا شێخ وەتمانی، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی شارەوانی، مانگانە دوو ملیۆن دۆلار لە داپۆشینی زبڵەكە خەرج دەكرێت، لە كاتێكدا دەكرێت 50 مێگاوات كارەبای لێ بەرهەم بهێنرێت.

شارەوانی لەگەڵ كۆمپانیایەكی هۆڵەندی گرێبەستی كردووە تا زبڵی هەولێر ڕیسایكڵ بكات، واتە دووبارە بەكاری بهێنێتەوە و بەشێكێشی بەشێوەی سەردەم داپۆشێت. هەرچەندە ئەو زبڵە بۆ ئەو كۆمپانیایە دەبێتە بەرهەم و پارە دەكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی گرێبەستەكە هێشتاش شارەوانی بۆ هەر تۆنێك زبڵ 15 تا 20 دۆلار بە كۆمپانیاكە دەدات.

لە سلێمانیش هەمان بەزم كراوە، جیاوازییەكە ئەوەیە، لەوێ 18 دۆلار بۆ چارەكردنی هەر تۆنێك زبڵ بە كۆمپانیایەكی فەڕەنسی دەدرێت.

ئەم گرێبەستانە بە بڕوای پسپۆڕی بواری ژینگە عەبدوڕەحمان سدیق باش نییە. ئەو دەڵێ "كۆمپانیا هەن بێ بەرامبەر ئەو كارەمان بۆ بكات؛ زبڵ خۆی پارە دەكات، چۆن بە پارە ئەو كارەمان بۆ دەكەن؟".

دانانی كارگەی دووبارە بەكارهێنانەوەی زبڵ بەگوتەی كاروان جەباری شارەوانی، 50 ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت، بەڵام حكوومەت ئەو پارەی نییە تا بیدات. ئەمە لە كاتێكدایە كە 50 ملیۆن دۆلار پارەی یەك ساڵ و مانگێكە كە دەیدەنە 4 كۆمپانیای پاككردنەوە و ئەو كۆمپانیا هۆڵەندییە.

مەترسیی ژێرخاككردنی زبڵ

عەبدوڕەحمان سدیق ژێرخاككردنی زبڵەكەیش بە كارێكی ناڕەوا دەزانێت و دەڵێت نابێت ژێرخاككردنی زبڵ لە سەدا 20 تێ بپەڕێت، چونكە زەوییەكان تێك دەدەن و بە كەڵكی هیچ نایەن".

ئەو پسپۆڕە ئاشكرای دەكات كە ئەو ئاو و لیقەی لە زبڵەكەوە دەردەچێت دەچێتە ژێر خاك و زیانی بۆ كشتوكاڵ هەیە و خۆ ئەگەر تێكەڵی ئاوی ژێر زەویش ببێت، ژەهراوی دەكات".

شیاوی گوتنە زبڵی ژێرخاككراو پاش 5 مانگ شی دەبێتەوە و بۆگەن دەكات. ئینجا غازی میسانی لێ دەردەچێت و بە كەلێن و درزەكاندا بەرز دەبێتەوە. كاتێكیش لەگەڵ ئۆكسجین تێكەڵ دەبێت ئاگر دەگرێت.

بەپێی ئەو زانیارییەی دەست رۆژنامەی "وشە" كەوتووە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئاگركەوتنەوە شۆفڵێكی شارەوانی لە زبڵخانەی كانی قڕژاڵە سووتاوە.

لە كۆڵخۆكردنەوە

شارەوانی بۆ ئەوەی كەمێك لە زبڵەكانی كەم بێتەوە؛ ڕێگەی بە دوو كۆمپانیای ئێرانی داوە تا پلاستیك و كارتۆن، بێ بەرامبەر لە كۆڵ بكاتەوە.

كاروان جەبار ئاماژە بەوە دەدات بەشێوەی كاتی ڕێگەیان بەو دوو كۆمپانیا ئێرانییە داوە كە یەكێكیان كارتۆن و كاغەز دەبات و ئەوی تریشیان پلاستیك و تایەی ئۆتۆمبێل كۆ دەكاتەوە و لە ئێران دووبارە دروستیان دەكەنەوە. ئەو دەڵێ "ئەو تایانە ڕۆژانە نزیكەی دوو گەڵابە دەبێت".

ئەم كارە بە بڕوای عەبدوڕەحمان سدیق كارێكی زۆر مەترسیدارە. ئەو دەڵێت "ڕەنگە ئەو نەعلانەی فڕێیان دەدەین، لە وڵاتی دراوسێ بكرێنە كاسەی خواردن و دواتر بە ئێمەی بفرۆشنەوە، یاخود هەندێك مادە هەن كە 10 جار زیاتر ناتوانرێت دروست بكرێتەوە، بەڵام كاتێك وڵاتی دراوسێ ئەو مادانە دەبات لە پێناو قازانجی ئابووری لەوانەیە 20 جار دروستی بكاتەوە". ئەو پسپۆڕەی ژینگە، پێی وایە ئاسایشی نەتەوەیی ژینگەیی وڵاتان بەوە پابەند دەكات كە ریساكلینیگی خۆیان هەبێت.

عەبدوڕەحمان سدیق ئاماژە بەوە دەدات پێویستە دوو عەلاگەی زبڵ بە خەڵكی بدرێت، بۆ ئەوەی وشك و تەڕ تێكەڵ بەیەكتری نەكرێت. ئەوـ دانانی ڕیسایكڵ بە پێویست دەزانێت كە مادە ئۆڕگانییەكانمان بۆ دەكاتە كارەبا و هەلی كارمان بۆ دروست دەكات، كاغەز و شووشە و پلاستیكیش بەرهەم دەهێنێتەوە.

لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەری خاوێنكردنەوە و ژینگەپارێزی هەولێر كاروان جەبار دەڵێت "زبڵەكان تێكەڵن و چەند كۆمپانیایەك لەبەر ئەوە پەشیمان بوونەتەوە بێنە هەرێم كار بكەن، چونكە كەلوپەلی تەندروستی و پاتری لەگەڵ خواردن تێكەڵە".

پاشخان

لە ساڵی 2003وە زبڵ چین چین لە زبڵخانەی كانی قڕژاڵەی سەر بە هەولێر بە خۆڵ دادەپۆشرێت كە 10 بۆ 15 مەتری عەموودی ژێر خاك كراوە.

چواس خالید - ماڵپەری وشە - هەولێر - ١٧ی ئایار ٢٠١٤

لێدوانێك بنووسە