ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

چۆن ژینگەی كوردستان بپارێزین؟

سەردار عەبدولڕەحمان
ئاشكرایە ئەمڕۆ جیهان رووبەڕووی گرفتێكی گەورەی ژینگەیی بۆتەوە، بەشێوەیەك كە سەرجەم ناوەندە ئەكادیمی و زانستی و توێژینەوەكانی بۆ لای خۆی راكێشاوە، بێگومان ئەو گرفتەش كوردستانی لێ بەدوور نییەو ئێمەش ژینگەكەمان بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار پیس بووە.
من لێرەدا باسی ئەو هۆكارانە ناكەم كە ئەو حاڵەتەیان دروستكردووە، چونكە هەمووان دەزانن هۆكارەكانی ئەو دۆخە نەخوازراوە چییەو ئێمە لە چ روویەكەوە كەمتەرخەمین، بەڵام ئەوەندەی بكرێت، لێرەدا چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەخەمەڕوو، بەهیوای ئەوەی هەمووان پێكەوە ببینە بەرەیەكی یەكگرتوو بۆ پاراستنی ژینگەكەمان.

پاراستنی ژینگە
دەكرێت هەنگاوەكانی پاراستنی ژینگەكەمان  بەمانە دەست پێبكەین:
1. دانانی یاساو رێنمایی پێویست و سنووردانان بۆ پیسبوونی ژینگەو هەوا بەهۆی (پاشماوەو پاشەڕۆ، دەنگەدەنگ و ژاوە ژاوو دووكەڵ و ... هتد)ەوە.
2. دانانی ماستەر پلان و دیاریكردنی هێڵكاری شارەكان بەشێوەیەكی زانستی ئامادەكراو، لەپێناو گەشەكردنی شارەكان بەشێوەیەكی ئەندازەیی.
3. بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان لەڕێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و دامودەزگا ئایینی و پەروەردەییەكانەوە، هەروەها بەستنی كۆنفرانس و وۆرك شۆپ و بڵاوكردنەوەی نامیلكەی زانستی سەبارەت بەڕۆڵ و گرنگی ژینگەی سروشتی و مرۆیی كارێكی گرنگ و پێویستە.
4. بڵاوكردنەوەی ئاگاداریی و رێنمایی بۆ كەمكردنەوەی پیسكەرەكان و هەژاندنی هاووڵاتیان بۆ بەكارهێنانی هۆكارەكانی هاتۆچۆی گشتی لەجیاتی هۆكارە تایبەتییەكانی گواستنەوە، ئەمەش بۆ رێگریی كردنە لەپیسبوونی هەواو هۆكارێكیشە بۆ كەمكردنەوەی ژاوەژاوو كەمتر بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزە، دروستكردنی چەندین گەراج و پاركی تایبەت بەوەستانی ئۆتۆمبێلەكان بۆ كەمكردنەوەی گرفتی هاتوچۆی هاووڵاتیان لەشوێنە گشتییەكاندا.
5. گرنگیدان بەسەوزكردنی شارەكان لەڕێگەی چاندنی نەمام و پشتێنەی سەوزاییەوە «ستانداری جیهانی بۆ سەوزكردنی شارەكان بریتییە لە(15%)».
6. پێویستە دامودەزگا حكومییەكان مۆڵەت نەدەن بەدروستكردنی گەڕەك و كۆڵان و بیناو باڵەخانەكان تاوەكو ئەم مەرجە ژینگەیانەی تێدا رەچاو نەكرێت، كە بریتین لە:
زیادكردنی رووبەری سەوزایی
- دەبێت هەر كەسێك (2م2) لەگۆڕەپانی یاری بەركەوێت لەسنووری گەڕەكەكەی خۆیدا.
- دەبێت هەر كەسێك لەنێوان (1.5 - 2.5م2) لەباخچەو  رووبەری سەوزایی بەربكەوێت لەگەڕەكەكەی خۆیدا.
- بەپێی پێوەرە جیهانییەكانی مافی مرۆڤ، دەبێت هەر كەس لەشارەكەی خۆیدا لەنێوان (15 – 20م2) لەباخچەو رووبەری سەوزایی بەربكەوێت.
- دانانی رێوشوێنێكی توند بۆ ئەو كەسانەی ژینگەی شارەكە  پیس دەكەن و هەوڵی شێواندنی ژینگەی سروشتی دەدەن.
- دوورخستنەوەی ئەو كارگەو شوێنە پیشەسازییانەی كە مایەی هەڕەشەن بۆ سەر ژینگەی شارو تەندروستی مرۆڤ.
- گرنگیدان و بەرزڕاگرتنی یادی (16/4) رۆژی ژینگەی كوردستان و (5/6) رۆژی ژینگەی جیهان، ئەویش لەڕێگەی سازکردنی فێستیڤاڵ و چالاكی هونەریی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لەناو چین و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەدا دەبێت.
كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك
- دانانی سیستمێكی گونجاو و دروست بۆ چۆنیەتی كۆكردنەوەی زبڵ و پاشەڕۆ و خاشاكی شارەكان، پاشان فڕێدانیان بۆ شوێنێكی دیاریكراو و  شیاو دوور لەچالاكییە مرۆڤایەتییەكان، ئەویش لەڕێگەی چاڵ هەڵكەندن و لێدانی تونێل بۆ تێفڕێدانی پاشەڕۆ پاشان سەرداپۆشینەوەیان دەبێت، چونكە نابێت فڕێدانی پاشەڕۆ لەدووری شارەكەمان هەروا بەشێوەیەكی هەڕەمەكیانە بێت.
- خەڵاتكردن و دەستخۆشی كردن لەهەوڵە تاكە كەسییەكان و دەستە جەمعییەكان، سەبارەت بەپاكڕاگرتن و گرنگیدان بەجوانكردنی شار، هەروەها پێویستە جوان راگرتن و پاكڕاگرتنی شار بەكەلتوور بكرێت.
- دانانی سیستمێكی تەكنۆلۆژیای نوێ و گونجاو بۆ دووبارە بەكارهێنانەوەی پاشەڕۆكان لەڕێگەی پرۆسەی (recycle) ئەمەش لایەنێكی گرنگی پاكڕاگرتنی ژینگەی شارە لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە لایەنێكی گرنگی داهاتی نەتەوەیی و تاكەسییە لەڕوانگەی ئابوورییەوە.
- دانانی چەند تابلۆو هێمایەكی رێنمایی لەناوچە گەشتوگوزارییەكان و ناوچە گشتییەكان، كە تێیدا رۆڵ و گرنگی دارو درەخت و جوانكردنی شارو چۆنێتی پاراستنی ژینگەی ناوچەكە بخاتەڕوو و پیشانی بدات.
- سوود وەرگرتن لەبەكارهێنانی سەرچاوەی وزەی پاك یان وزە نوێیەكان وەك (وزەی خۆرو با) لەجیاتی بەكارهێنانی (نەوت و خەڵووزو گازی سروشتی).
سوودوەرگرتن لەئەزموونەكان
- ناشتنی رووەك بەقەراغی شەقامەكان و لەباخچە گشتییەكان و شوێنە بەتاڵەكان و رێگەو رێچكە بچوكەكان و دەوروبەری كارگەكاندا، چونكە رووەك گازی دووانەئۆكسیدی كاربۆن و تەپوتۆزو پیسكەرەكان هەڵدەمژێت و ئۆكسجین دەداتەوە.
- دەبێت و زۆر پێویستە كە گرنگی و رۆڵ و بایەخی سەوزایی بۆ نەوەی ئێستاو ئایندە بەهەند وەربگیرێت، بۆئەوەی ببێت بەكەلتوورێك لەناو ژیانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.
- دانانی سەبەتەو سەلەی خۆل و خاشاك لەشوێنە گشتی و ناو بازەڕاكاندا، هەروەها پێویستە پاشەڕۆكان تێكەڵ بەیەكتر نەكرێن، بۆئەوەی بەئاسانی لەیەكتر جیابكرێنەوەو دووبارە بەكاربهێنرێنەوە.
- سوود وەرگرتن لەئەزموونی وڵاتانی دراوسێ و بیانی لەڕێگەی پەیڕەوكردنی بەرنامەو چۆنیەتی پەرەپێدانی گرنكی و بایەخی ژینگە، وەك هۆكارێك كە كاریگەریی هەیە لەسەر لایەنەكانی ژیانی ئێمەی مرۆڤ.
- بەخێوكردنی ئاژەڵ لەشارەكاندا كارێكی ناشارستانییە، پێویستە رێ لەبەخێوكردنی پەلەوەرو ئاژەڵ بگیرێت و سنووردار بكرێت، ئەمیش لەڕێگەی جیاكردنەوەی شوێنێكی تایبەت و دوور لەناوەندی شارەكان دەبێت.
- دروستكردنی چەندین پارك و باخچەی گشتی تایبەت بەشوێنی پشوو و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان، بۆئەوەی بتوانن كاتەكانی بەتاڵەكانی خۆیان بەئاسوودەیی تێدا بەسەربەرن.
Sardar86.rania@yahoo.com

لێدوانێك بنووسە