سروشتێكی جوان و ژینگه‌یه‌كی ناله‌بار

به‌گشتی له‌وڵاتانی جیهاندا كێشه‌ی گه‌وره‌ی ژینگه‌یی هه‌یه‌, هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق, به‌ده‌ر نیه‌ له‌م كێشه‌ ژینگه‌ییانه‌, قه‌زایی ده‌ربه‌ندیخان وه‌ك نمونه‌یه‌ك, كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كانی گه‌یشتووه‌ به‌ئاستێك, كه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دانیشتوانه‌كه‌ی دروست كردووه‌, ئه‌مه‌ش به‌هۆی پیس بوونی ڕه‌گه‌زه‌ ژینگه‌ییه‌كانی (ئاو و هه‌وا و خاك)ی شارۆچكه‌كه‌, بۆ خستنه‌ ڕوو و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كان, چه‌ندین جار كه‌سانی چالاك و ڕێكخراوه‌كانی بواری ژینگه‌ و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌, گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی ژینگه‌ییان ئه‌نجامدراوه‌, به‌ڵام كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كان هه‌ر وه‌ك خۆیانن, پێشبینی ده‌كرێت كێشه‌كان گه‌وره‌ترببن و مه‌ترسی پیس بوونیش زیاتربێت, ئه‌مه‌له‌كاتێكدا كه‌به‌رپرسان كه‌مته‌رخه‌من و له‌ئاست به‌رپرسیارێتی ژینگه‌یی ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا نین, چونكه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا نه‌یان توانیوه‌ ته‌نها یه‌ك كێشه‌یی ژینگه‌یش چاره‌سه‌ر بكه‌ن, له‌ڕێگه‌ی چه‌ند خاڵێكه‌وه‌ تیشك ده‌خه‌مه‌ سه‌ر كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كان و ڕێگاكانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

خستنه‌ ڕووی كێشه‌ ژینگه‌ییه‌كان:
1- ئاوی خواردنه‌وه‌ و به‌كارهێنان هیچ مه‌رجێكی ته‌ندروستی تێدانیه‌ و تام و بۆن و ڕه‌نگی گۆڕاوه‌ و هه‌رئاوێكیش ئه‌وسێ ڕه‌گه‌زه‌ی گۆڕا بۆ به‌كارهێنان ده‌ست نادات, به‌ڵام ئاوی تۆڕی گشتی ده‌ربه‌ندیخان زۆر ده‌مێكه‌ هه‌رسێ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ و به‌هیچ جۆرێك بۆ به‌كارهێنان نابێت.. ئه‌مه‌ش به‌گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ژینگه‌یی و مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌رته‌ندروستی دانیشتوانی ده‌ربه‌ندیخان هه‌ژمار ئه‌كرێت.
2- چه‌ندین كارگه‌ی به‌رد و گه‌چ له‌چوارده‌وری شارۆچكه‌كه‌دان, ژماره‌یه‌كی زۆرییان ده‌كه‌ونه‌ ناو به‌شێك له‌ماڵ و گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌ كه‌ هه‌وای شارۆچكه‌كه‌یان به‌ته‌واوی پیس كردووه‌.
3- ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ناوه‌ندی شارۆچكه‌كه‌دا زۆر كه‌مه‌, به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له‌به‌رده‌ست دایه‌ ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌( 2%) تێناپه‌ڕێت, ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌ كه‌به‌پێی ستاندار ده‌بێت له‌ (15%)كه‌متر نه‌بێت.
4- كاركردنی به‌رده‌وامی ژماره‌یه‌ك كانی ده‌رهێنانی به‌رد, له‌ناوچه‌ سه‌وز و شاخاوییه‌كاندا, بووه‌ به‌هۆكار بۆ له‌ناو چوونی ڕوبه‌ری سه‌وزایی و ڕاماڵیی خاك و شێواندنی سیما و سروشتی جوانی ناوچه‌كه‌.
5- ژماره‌یه‌كی زۆر كارگه‌ و غه‌ساله‌ی چه‌و ولم له‌سه‌ر ڕووباری سیروان له‌كاركردن به‌رده‌وامن, ڕۆژانه‌ كار بۆ له‌ناوبردنی سه‌دان دره‌خت ده‌كه‌ن, به‌هه‌زاران دره‌ختی به‌ته‌مه‌نیان له‌ناو بردووه‌ و مه‌ترسی گه‌وره‌ن بۆ له‌ناوبردنی هه‌زاره‌ها دره‌ختی تریش؟!!! ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ڕێ ڕه‌وی ئاوی ڕوباره‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و بوون به‌هۆكار بۆ پیس كردنی ئاوی ڕووباره‌كه‌.
6- هاتوو چۆكردن و وه‌رگه‌ڕانی به‌رده‌وامی ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وت, وه‌رگه‌ڕانیان ده‌بێت یان بووه‌ به‌هۆكار بۆ تێكه‌ڵ بوونی نه‌وت به‌خاك و ئاوی ده‌ربه‌ندیخان, گرفتی زۆری بۆ ژینگه‌ و شین بوونی ناوچه‌سه‌وزه‌كان دروست كردوه‌, جگه‌له‌وه‌ی زۆرجار وه‌رگه‌ڕانی ئه‌م ته‌نكه‌رانه‌ ئاگری لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زی هه‌واش پیس ده‌كات, به‌پێی ئاماری هاتووچۆ ته‌نها له‌ساڵی 2013دا (23)ته‌نكه‌ری نه‌وت له‌سنوری ده‌ربه‌ندیخان وه‌رگه‌ڕاوه‌ كه‌ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر زۆره‌ له‌كاتێكدا یه‌ك لیتر نه‌وت (100)هه‌زار لیتر ئاو پیس ده‌كات!!!
7- زبڵ و پاشماوه‌كان تا ئێستا (ڕیسایكلین)ناكرێت, كه‌چی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نازانستیانه‌ له‌ده‌ربه‌ندیخان له‌دوو شوێنی جیادا كۆده‌كرێته‌وه‌, به‌شێكی زۆری ده‌سوتێنرێت و به‌شێكی تریشی ده‌كرێت به‌ژێر خاكه‌وه‌, كه‌له‌دواجاردا به‌شێكی تری له‌ڕێگه‌ی لافاو و بارانه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئاوی ژێر زه‌وی, كه‌ نابێت هه‌رسێ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی ژینگه‌(ئاو,هه‌وا. خاك)پیس بكرێت.
8- دیارده‌ی ئاژه‌ڵداری یه‌كێكه‌ له‌و دیاردانه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕوبه‌رێكی زۆر سه‌وزایی له‌ناو ده‌چێت, ته‌نانه‌ت ئه‌م دیارده‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كان بۆ ڕێگری كردن له‌ زیادبوونی ڕووبه‌ری سه‌وزایی.
9- جیانه‌كردنه‌وه‌ی ڕه‌نگی گه‌ڕه‌كه‌كان و دیاری نه‌كردنی ڕه‌نگی تایبه‌ت به‌بینا و باڵه‌خانه‌كان بووه‌به‌هۆی پیس كردنی ژینگه‌ی بینین و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌رهاوڵاتیان دروستكردووه‌.

چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ژینگه‌ییه‌كان:
1- په‌له‌بكرێت له‌چاره‌سه‌ركردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و كاتێك دیاری بكرێت بۆ ته‌واو بوونی پرۆژه‌كه‌, له‌دوای ته‌واو بوونی پرۆژه‌كه‌ش, نمونه‌ی ئاوه‌كه‌ وه‌ربگیرێت و بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌, له‌ڕێگه‌ی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی دانیشتوانی ده‌ربه‌ندیخان دڵنیابكرێته‌وه‌ له‌ پاكی ئاوی خواردنه‌وه‌.
2- گواستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كارگه‌كانی هاڕینی به‌رد و گه‌چ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شارۆچكه‌كه‌ و دانانی فلته‌ر بۆیان و ته‌رخان كردنی سه‌رجه‌م پارچه‌ زه‌وییه‌كان بۆ پرۆژه‌ی ژینگه‌یی كه‌ ئێستا كارگه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
3- دروستكردنی پاركی دارستانی ده‌ستكرد, به‌دروستكردنی ئه‌م پاركه‌ش ڕوبه‌رێكی زۆر سه‌وزایی زیاد ده‌بێت.
4- داخستنی كانه‌كانی ده‌رهێنانی به‌رد و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی كه‌گه‌یه‌نراوه‌ به‌ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌.
5- گواستنه‌وه‌ی كارگه‌ و غه‌ساله‌كانی چه‌و ولم له‌ڕوباری سیروان و ڕوبه‌ره‌سه‌وزاییه‌كان.. بۆ ئه‌وناوچانه‌ی كه‌ زیان به‌ژینگه‌ ناگه‌یه‌نێت, وه‌ ڕێكخستنی كاره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌دوور بێت له‌تێكدان و شێواندنی ژینگه‌, وه‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی كه‌ گه‌یه‌نراوه‌ به‌ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌.
6- دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌كی تر بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت, چونكه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕێگاوبانی ده‌ربه‌ندیخان بۆ هێرشی ئه‌وته‌نكه‌رانه‌ ده‌ست نادات.. تا دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌كی تر بۆ گواستنه‌وه‌ پێویسته‌ به‌شێك له‌پاره‌ی نه‌وت ته‌رخان بكرێت بۆ گه‌شه‌پێدانی ژینگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان, وه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و زیانانه‌ش له‌پاره‌ی نه‌وت بكرێته‌وه‌, كه‌ له‌لایه‌ن ته‌نكه‌ره‌كانی نه‌وته‌وه‌ گه‌یه‌نراوه‌ به‌ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌.
7- په‌له‌بكرێت له‌ خستنه‌كاری سیسته‌می (ڕیسایكلین) تا ئه‌و سیسته‌مه‌ش ده‌كه‌وێته‌ كار, پێویسته‌ به‌پێی ڕێنماییه‌كانی ده‌سته‌ی ژینگه‌ و وه‌زاره‌تی شاره‌وانیه‌كان, كار بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌ و زبڵ ه‌كان بكرێت.
8- هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی ئاژه‌ڵداری له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی شوێنی تایبه‌ت به‌ڕاگرتنی ئاژه‌ڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی شار و زیاد كردنی باج له‌سه‌ر خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان له‌ناوشارۆچكه‌كه‌دا و وه‌رگرتنی به‌ڵێنامه‌یه‌ك بۆ دروخستنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان.
9- دانانی دووره‌ِنگی تایبه‌ت و گونجاو بۆهه‌ر گه‌ڕه‌كێك به‌ڕاوێژ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌ن و دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌, كه‌له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كان ڕه‌نگی تایبه‌ت به‌خۆیان وه‌رده‌گرن و كاریگه‌ری ئه‌رێی له‌سه‌ردانیشتوانه‌كه‌ی ده‌بێت.

سه‌روه‌رقه‌ره‌داغی- پارێزه‌ری ژینگه‌

لێدوانێك بنووسە