ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

به‌كارهێنانى پاسكیل له‌نێوان حه‌ز و عه‌یبه‌دا

سه‌روه‌ر قه‌ره‌داغى- پارێزه‌رى ژینگه‌
پاسكیل هۆیه‌كى گواستنه‌وه‌ى باشه‌ كه‌ده‌كریت له‌جیاتى به‌كارهینانى ئۆتۆمبێل بۆ ڕاپه‌ڕاندنى به‌شێكى زۆر له‌ كار و چالاكیه‌كانى ڕۆژانه‌مان سود له‌به‌كار هێنانى وه‌ربگرێن, له‌وڵاتانى پێش كه‌وتوو ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ هاوڵاتیان بۆ چونه‌ سه‌ركار و بازاڕ كردن و ڕاپه‌ڕاندنى به‌شێكى تر له‌ئه‌ركه‌كانى ڕۆژانه‌یان پشت به‌به‌كار هێنانى پاسكیل ده‌به‌ستن, به‌رده‌وام خواستى به‌كارهێنه‌رانى پاسكیلیش له‌وڵاتاندا ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ چونكه‌ به‌كارهێنانى چه‌ندین پاڵنه‌ر و سودى هه‌یه‌, كه‌ خۆیان له‌م خاڵانه‌ى لاى خواره‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه‌:
1- بۆته‌ندروستى باشه‌.
2- هاوڕێى ژینگه‌یه‌.
3- جێگراوه‌یه‌كى سود به‌خشه‌.
4- سوته‌مه‌نى ناوێت.
5- دژى تاسه‌یه‌.
6- له‌ئۆتۆمبێل خێرا تره‌.
7- پاركینى ئاسانه‌.
8- كێش داده‌به‌زێنێت.
9- خه‌رجى كه‌مه‌.
10- لێخوڕینى ئاسانه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌كارهێانى پاسكیل ئه‌م سوده‌ باشانه‌ى هه‌یه‌ و دانیشتوانى وڵاتانى پێش كه‌وتوو به‌رده‌وام سود له‌به‌كارهێنانى وه‌رده‌گرن, به‌ڵام تا ئێستا له‌ كوردستانى باشور به‌كار هێنانى پاسكیل نه‌بووه‌ به‌دیارده‌, به‌ڵكوم ته‌نها چه‌ند كه‌سیكى كه‌من سود له‌به‌كار هێنانى وه‌رده‌گرن.

وه‌ك پارێزه‌رێكى ژینگه‌ بڕیارمدا كه‌به‌رده‌وام هه‌وڵى به‌كارهێنانى پاسكیل بده‌م, ته‌نانه‌ت له‌ڕۆژانى جه‌ژنیشدا خزم و هاوڕێ و دۆسته‌كانم له‌و ڕێگه‌وه‌ به‌سه‌ر كرده‌وه‌, له‌و ماوه‌ى به‌كارهێنانه‌دا بۆم ڕوون بوویه‌وه‌, كه‌حه‌زێكى زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌گشى, چونكه‌ هیچ كه‌سێك نه‌بوو ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌كاریكى جوان و خزمه‌ت به‌ژینگه‌ و مرۆف وه‌سف نه‌كات, ته‌نانه‌ت هانیان دام بۆ به‌كارهینانى به‌رده‌وام, ئه‌مه‌ش بوونى به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ حه‌زێكى زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاولاتیانه‌وه‌, به‌لام رۆزانه‌ هاوڵاتیان به‌كارى ناهێنن.

ئه‌وه‌ى ڕوون و ئاشكرایه‌ زۆر شت هه‌یه‌ كه‌به‌كارهێنانى خزمه‌ت به‌تاك و ته‌ندروستى و ژینگه‌ ده‌كات به‌لام له‌كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا به‌كار ناهێنرێت و به‌كارهێنانى پێى ده‌وترێت عه‌یبه‌!!! ته‌نها له‌به‌ر ئه‌م عه‌یبه‌یه‌ ته‌ندروستى و گرنگى ژییانى خۆمان خستووه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟ له‌كاتێكدا زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ شتى باش و به‌سودن بۆ خۆمان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان, یه‌كێك له‌وانه‌ به‌كارهێنانى پاسكیله‌.

سه‌ره‌ڕاى بوونى ئه‌م عه‌یبه‌یه‌ له‌لاى هاوڵاتیان, تا ئێستا له‌هه‌رێمى كوردستانى باشور هێڵى تایبه‌ت به‌پاسكیل نیه‌, كه‌ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگ بۆ هاتووچۆى ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ى به‌كارهێنه‌رانى پاسكیل دروست ده‌كات و ژییانیان ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌, هه‌رچه‌نده‌ له‌ئێستادا له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كى هۆڵندییه‌وه‌ دیزاینى هێڵى تایبه‌ت به‌پاسكیل دروست كراوه‌ بۆ یه‌كێك له‌شه‌قامه‌كانى شارى ڕانیه‌, كه‌وابڕیاره‌ له‌ماوه‌ى ئاینده‌دا بكه‌وێته‌ بوارى جێ به‌جێ كردنه‌وه‌, به‌ڵام ده‌بێت حكومه‌ت كار بكات بۆ دروست كردنى هێڵى پاسكیل له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كان, ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنى ژییانى به‌كارهێنه‌ران و هاندانى دانیشتوانى شاره‌كان بۆ به‌كارهێنانى پاسكیل.

بۆ ئه‌وه‌ى ژییان و ژینگه‌ى تاك پارێزراو بیت, ده‌بێت ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى پاسكیل له‌ كوردستان به‌رزبكرێته‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى به‌ئاگا هێنانه‌وه‌ى تاك له‌مه‌ترسیه‌كانى پیسبونى ژینگه‌ به‌تایبه‌ت پیس بوونى ڕه‌گه‌زى هه‌وا به‌هۆى زۆرى ئۆتۆمبیله‌كان و كارگه‌ و سوتانى تایه‌ و پاشماوه‌كانه‌وه‌ كه‌مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاینده‌ى خۆمان و نه‌وه‌كانمان و ته‌نانه‌ت زینده‌وه‌ران و ئاژه‌ڵانیش دروست ده‌كات, بۆیه‌ ئه‌ركى وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ و ڕۆشنبیریی و ده‌سته‌ى ژینگه‌ و ڕێكخراوه‌كانى بوارى ژینگه‌یه‌ كه‌كار و پرۆژه‌ى به‌رده‌وامیان هه‌بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى ڕۆشنبیرى ژینگه‌یى تاك له‌ڕێگه‌ى به‌ئاگابوونى له‌كێشه‌ و مه‌ترسیه‌ ژینگه‌ییه‌كان و كاریگه‌رى له‌سه‌ر ژییان و ته‌ندروستیان.

لێدوانێك بنووسە