ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبونی‌ ئاوی‌ ده‌ریاچه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان

به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پشكنینانه‌ی كه‌ بۆ ئاوه‌كه‌ كراوه‌, ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان, به‌هۆی هه‌بونی چه‌ند ماده‌یه‌كی زیانبه‌خش تێیدا پیسبوه‌و به‌كه‌ڵكی خواردنه‌وه‌ نه‌ماوه‌, هه‌رچه‌نده‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌لایه‌ن لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ چه‌ندینجار به‌ڵێن به‌هاوڵاتیانی قه‌زاكه‌ دراوه‌, كه‌ ئه‌و گرفته‌یان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن, به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌و قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخانیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت, له‌ڕێگه‌ی جێیه‌جێكردنی پرۆژه‌یه‌كی پاكردنه‌وه‌ی ئاوه‌وه‌, تا شه‌ش مانگی دیكه‌ ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
(سه‌روه‌ر قه‌ره‌داغی) سه‌رۆكی تۆڕی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كانی گه‌رمیان به‌ ( ڕادیۆی ناوخۆی) ڕاگه‌یاند، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پشكنینانه‌ی بۆ سامپڵی ئاوی ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان كراوه‌, كه‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی هاوڵاتیانی قه‌زاكه‌یه‌ له‌ساڵی (2008)ه‌وه‌ ئاوی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان, به‌هۆی هه‌بونی چه‌ند ماده‌یه‌كی زیانبه‌خش پیس بوه‌و به‌كه‌ڵكی خواردنه‌وه‌ نه‌ماوه‌.
وتیشی:"به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاشماوه‌ی چه‌ندین كارگه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئاوی تانجه‌ڕۆ ده‌ڕژێته‌ ناو ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوه‌ته‌ هۆی پیسبونی سه‌رچاوه‌ی ئاوی ده‌ریاچه‌ی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان‌و دروستكردنی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی دانیشتوانی قه‌زاكه‌".
سه‌رۆكی تۆڕی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كانی گه‌رمیان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو, سه‌رۆكی تۆڕی ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كانی گه‌رمیان هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندینجار له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حكومیی‌و ئیداره‌ی قه‌زاكه‌وه‌ به‌ڵێن به‌هاوڵاتیانی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان دراوه‌, كه‌ گرفتی پیسبونی سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن, دواین جار له‌ساڵی ڕابردودا له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ به‌ڵێن درا له‌ماوه‌ی سێ مانگدا ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن, به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وان وه‌ك ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كانی ناوچه‌كه‌, له‌ئاینده‌دا هه‌وڵده‌ده‌ن به‌هاوكاری هاوڵاتیانی قه‌زاكه‌ نمونه‌ی ئاوی ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان وه‌ربگرن‌و بینێرنه‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم, بۆئه‌وه‌ی دوباره‌ به‌وردی پشكنین بۆ ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت.
سه‌روه‌ر قه‌ره‌داغی ڕونیشیكرده‌وه‌, پیسبونی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بوه‌ته‌ هۆی پیسبونی ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌ش، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی هه‌رێم وه‌ك ڕێكخراوه‌ ژینگه‌ییه‌كان به‌به‌شداری هاوڵاتیانی سنوره‌كه‌ هه‌ڵوێستی زیاتری مه‌ده‌نیانه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر.
لای‌ خۆیشیه‌وه‌، (ڕه‌زا محه‌مه‌د) قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان بۆ ( ڕادیۆی ناوخۆی ) ڕونكرده‌وه‌، له‌ساڵانی ڕابردودا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ پاكردنه‌وه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان جێبه‌جێكرا, به‌ڵام ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بو له‌پاكردنه‌وه‌ی ئاوی قه‌زاكه‌دا.
وتیشی:"له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ له‌چه‌ند مانگی ڕابردودا دوباره‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ پاكردنه‌وه‌ی ئاوی قه‌زاكه‌ خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌, به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌ته‌واوی گرفتی پیسبونی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان چاره‌سه‌ر بكرێت, له‌ئێستاشدا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ فراوانتر كراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌كاتی خۆیدا پرۆژه‌كه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌".
قائیمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌مه‌ستی‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بڕی (20) ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌، ئه‌گه‌ر هیچ گرفتێك دروست نه‌بێت له‌پرۆژه‌كه‌دا، ئه‌وا له‌شه‌ش مانگی ئاینده‌دا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ته‌واو ده‌بێت, به‌وه‌ش گرفتی پیسبونی ئاوی خواردنه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.

ماڵپەری رێخراوی سروشتی کوردستان

لێدوانێك بنووسە