ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

شارى پیشەسازیى نەک ناوچەى پیشەسازیى

دوا بەدواى دەرچوون و پەسەندکردنى یاساى وەبەرهێنان لەهەر وڵاتێکدا ، یەکسەر کۆمپانیا بیانییەکان و سەرمایەدارانى ناوخۆ دەکەونەخۆ بۆ دامەزراندنى کارگەو دەستکردن بەپڕۆژەکانیان، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت شارێکى پیشەسازیى یان زیاتر بنیات بنرێت لەهەر هەرێم و وڵاتێکدا لەبەر ئەم هۆیانەى لاى خوارەوە:-
1- رێگرتن لەپەرش و بڵاویى کارگەکان.
2- کەمکردنەوەى پیس بوونى ژینگە، لەڕێگەى کردنەوەى کارگەکان لەشارێکداو، دوورخستنەوەیان لەدانیشتوانى شارەکان.
3- دۆزینەوەى هەلى زیاترى کارکردن بۆ بێکاران.
4- بەئاسانى خزمەتگوزاریى پێویست لەشارێکدا دابین دەکرێت بۆ کارگەکان.
5- کارگە جۆراوجۆرەکان بەهۆى بوونیان لەشارێکى پیشەسازیدا ئاسانتر کارى یەکتر تەواو دەکەن.
6- کەمکردنەوەى تێچووى بارکردن و گواستنەوەو هەڵگرتنى بەرهەمى کارگەکان.
7- کەمکردنەوەى تێچوون و زیادکردنى قازانج بەکەمترین تێچوو.

لەشارى پیشەسازیدا کەدەبێت رووبەرێکى زۆر گەورەى بۆ دابین بکرێت، پێویستە ئەم خزمەتگوزاریانە هەبن بۆ تەواوى سەدان کرێکارو فەرمانبەرو ئەندازیارانەى کەلەوێدا کاردەکەن، وەک:
1- دەزگاى بەرگرى شارستانى.
2- بنکەى پەیوەندیى نێودەوڵەتیى.
3- بانک.
4- بنکەى پۆستەو گەیاندن.
5- چێشتخانە.
6- هۆتێل.
7- بەنزینخانە.
8- مزگەوت و پەرستگا.
9- سەنتەرى تاقیگەى ژینگەیى.
10- تۆڕى رێگاوبانى باش.
11- خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانى وەک ئاو، کارەبا.
12- وێستگەى چارەسەرکردنى پاشماوەى کارگەو ئاوەڕۆکان.
13- سەنتەرى بازرگانى و شوێنى حەوانەوە.
14- باخچەو پشتێنەى سەوز.
15- سەنتەرى کارگێڕیى.. هتد

هەروەها جۆرى ئەو کارگانەش دەکرێت پۆلێن بکرێن بۆ کارگەکانى بەرهەمهێنانى چیمەنتۆو مەڕمەڕو سیرامیک و کاشیى و، نیکل و مس و کانزاکانى ترو، ماددە کیمیامییەکان و پلاستیک و نایلۆن.. هتد
قەبارەى ئەو کارگانەش دەکرێت لەهەرسێ ئاستى گەورەو مامناوەندیى و بچووکدا بن.

سەبارەت بەشوێنى ئەو شارە پیشەسازییەش پێویستە رەچاوى ئەم خاڵانەى خوارەوەى تێدا بکرێت:
1- تۆبۆگرافیاى ناوچەکە.
2- ئاڕاستەو جوڵەى با.
3- دووریى لەدانیشتوانەوە بۆ ئەو کارگانەی کەژینگە پیس دەکەن.
4- کارنەکردنە سەر شوێنەکانی دی.
5- ژێرخانى باش لەبوونى پێداویستییە سەرەکییەکان.
6- دوورى لەزەوى و زارە کشتوکاڵییەکان... هتد.
7- دووربوونی لەناوچەی ئاسەوارەکان.
8- لەسەر زەوییەکانی دەوڵەت خۆی بێت نەک هاوڵاتییان ، بۆ کەمکردنەوەی تێچووی تەملیککردن.
9- لەسەر تەوەری شاڕێگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بێت.
10- نزیک بێت لە ناوچە سنوورییەکان بۆ کاراکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
11- نزیک ناوەندی چەندین گوند بێت بۆ جێگیرکردنی دانیشتووانی گوندەکان لەشوێنی خۆیان و، پێکەوەگرێدانی کشتوکاڵو پیشەسازیی و بازرگانیی.
12- دووربوون لەڕێڕەوی رووبارو سەرچاوەکانی ئاو.

بۆ دامەزراندنى ئەم شارى پیشەسازییەش هەماهەنگیى نێوان وەزارەتەکانى پلاندانان و پیشەسازیى و شارەوانیى و ژینگە بەلاى کەمەوە زۆر پێویستە، چونکە شارى پیشەسازیى پێداویستیەکى سەردەمەو، هەردەبێت بنیات بنرێت و، شارەکانیش لەناوچەى پیشەسازیى رزگار بکرێن.

عبدالرحمن صدیق

لێدوانێك بنووسە