ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

زۆربوونی دانیشتوان و زیادبوونی پێداویستیەكان گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیە

لە ڕوانگەی ئاشنابوونی زیاتر بە ژینگەپارێزی، گوزەركردن لە ژینگەیەكی تەندروست، بەدەستهێنانی هۆشیاری ژینگەیی، تاو دیدارێكی لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر (د.یەحیا ئەحمەد شێخە) پسپۆری بواری ژینگە و پیسبوون، لە بەشی زانستەكانی ژینگە لە كۆلیژی زانست، زانكۆی سەلاحەدین سازدا.

+ چ پێناسەیەكت بۆ ژینگە یا زانستی ژینگە هەیە؟
- ژینگە بریتیە لەو دەوروبەری مرۆڤ تیایدا دەژیت وهەموو چالاكی وگوزەرانی تێدا بەسەر دەبات، زانستی ژینگەش زانستێكە بایەخ بە توێژینەوەی هەموو ئەو پێكهاتانەی كە ژینگەی لێ پێكهاتووە، وە زانینی كاریگەری هەریەك لەو پێكهاتانە لە سەر یەكتری و لە سەر ژینگە دەدات.

+ پیسبوونی ژینگە چیە ؟
- هەر ژینگەیەك لە چەند پێكهاتەیەك ورێژەیەكی دیاریكراوی( فیزیای، كیمیای، بایلۆجی ) دروست بووە، بۆیە هەر زیاد بوونێك یا كەم بوونێك لەم پێكهاتانە لە جۆری یا رێژەكەی ببێتە هۆی كاریگەری خراپ وترسناك لەسەر زیندەوەرەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە.

+ جۆرەكانی پیسبوونی ژینگە چین ؟
- پیسبوونی( هەوا، ئاو،خاك، ژاوەژاو، بینین، گەرمی، رۆناكی، تیشك )

+ هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە چین؟
- سێ هۆكاری هەیە:
1- هۆكاری فیزیایی ( گەرمی، تیشك، ڕوناكی )دەگرێتەوە.
2- هۆكاری كیمیاوی (ئەندامی ونائەندامی، پەینەكان، توخمە قورسەكان، قركەرەكان )دەگرێتەوە.
3-هۆكاری بایلۆجی ( ڤایرۆسی، بەكتریا، كەڕوو، مشەخۆرەكان) دەگرێتەوە.

+ دەرنجامە خراپەكانی پیسبوونی ژینگە بۆ سەر مرۆڤ چین ؟
- راستەوخۆ وناراستەوخۆ كاریگەری لە سەر مرۆڤ هەیە.
*دەرەنجامە ڕاستەوخۆكانی لەسەر مرۆڤ بریتیە لە تێكچوونی تەندروستی وبڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی.
* دەرەنجامی ناراستەوخۆ كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر:
1- لایەنی كشتوكاڵ كەخۆراك بۆ مرۆڤ دابین دەكات.
2- لە سەر زۆربەی زۆری ڕووەكەكان كە ئۆكسجین وكەرەستەی خۆراكی بۆ ئاژەڵ، پیشەسازی جۆراوجۆرەكان، گەشتوگوزار، زۆر لایەنی تر مرۆڤ سودی لێ وەردەگرێت.
3- كەمبوونەوەو لەناوچوونی جۆرەها زیندەوەران كە خراپ لە سەر ژینگە دەشكێتەوە ودەبێتە هۆی گۆڕینی ئەم ژینگانە.
4-لایەنی ئابووری مرۆڤ تێكدەدات وبودجەیەكی زەبەلاحی لێ دەبات بۆ چارەسەركردنی جۆرەها نەخۆشی كە توشی مرۆڤ، رووەك، گیانەوەر دەبێت، سەرەڕای چاككردنەوەی ژینگە وخاك وهەواو ئاو هەموو ئەو شوێنانەی كە بە پیسبوونی ژینگە تێكچووە.

+ لە دەرەنجامی چی ژینگە پیس دەبێت ؟
- دوو دەرەنجام هەیە:
1- بێ پلانی لەزیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەسەر ڕووی زەوی، دابەشبوونی ژمارەی دانیشتوان بەشێوەیەكی نایەكسان.
2-پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا كە دەبێتە زیادكردنی بەرهەمەكانی لەڕووی ژمارە وچۆنیەتی، كاریگەری زۆری هەبووە لە سەر گۆڕینی ژیانی مرۆڤ وداب ونەریتی وبیركردنەوەی كە هەموویان خۆیان لە زیاد بوونی پێداویستی مرۆڤ بۆ هەموو ئەو كەلوپەلانە دەبینێتەوە.

+ چۆن ڕووبەڕووی یا بەرەنگاری پیسبوونی ژینگە ببینەوە، رۆڵی مرۆڤ چی بێت ؟
- پێویستە ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بكەین:
1- پلان دانان لە زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی، ڕاگرتنی هاوسەنگیەك لە نێوان سامانی سروشتی وڵات.
2-هۆشیاركردنەوەی خەڵك بەكەمكردنەوەی پێداویستی تایبەت وپەرەدان بە پێداویستیە گشتیەكان كە خەڵك پێكەوە بەكاری دێنن.
3- دروستكردن وهێنانی باشترین كەلوپەل وپێداویستیەكان كە جۆرەكەی باش بێت وتەمەنی درێژبێت وژینگە كەمتر پیس بكات.
4- بەكارهێنانی یاسای پاداشت وسزا، واتەپاداشتكردنی ماددی ومەعنەوی بۆ ئەو كەسانەی وەبەرهێنان دەكەن ووڵات بەرەوە پێش دەبەن كەمترین ڕووبەری ژینگە پیس دەكەن، بەكارهێنانی سزا بۆ ئەوە كەسانەی لە كاتی وەبەرهێناندا ژینگە پیس دەكەن یا بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە پێش بەرژەوەندی گشتی دادەنێن.

+ پیسبوونی ژینگە مرۆڤ توشی چ نەخۆشیەك یا چ كارەساتێكی تەندروستی دەكات ؟
- مرۆڤ توشی جۆرەها نەخۆشی دەكات بە پێی ئەو جۆرە مادەیە چ لە ( هەوا، خاك، ئاو) دەگاتە مرۆڤ لە رێگای (هەناسە، خواردن وخواردنەوە، پێست ) دەچێتە ناو لاشەی مرۆڤ.
زۆربەی نەخۆشیەكان توشی مرۆڤ دەبێ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ پەیوەستە بە پیسبوونی ژینگە، ئەونەخۆشیانەی لە رێگای هەوا توشی مرۆڤ دەبێ بریتین لە (حەساسیە، سوتانەوەی شانەكانی دەم ولوت وچاو، ڕەبۆ، هەوكردنی سیەكان، كۆمەڵێك جۆری شێرپەنجە).
هەروەها ئەوانەی لەئاوەوەدێن زیاتر ژەهراوی بوون بە مادە ژەهراوییەكان یا توخمە قورسەكان وزیندەوەرە وردبینەكان (ڤایرۆس، بەكتریا) بەشی شێریان بەردەكەوێت كە دەبنەهۆی (سكچوون، ڕشانەوە،نەخۆشیەكانی كولێرا، مەلاریا، نەخۆشیەكانی پێست).

+ ئەو مادە كیمیایانەی كە بڵاودەبنەوە لە هەوادا و هۆكارن بۆ پیسبوونی ژینگە چین ؟
- زۆربەی ئەو مادە كیمیاویانەی لە ئۆتۆمبیل وكارگەكان دەردەچن وهەوا پیس دەكەن دەچنە ژێر جۆرەكانی (یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، ئەكاسیدی نایترۆجین، ئەكاسیدی گۆگرد، هایدرۆكاربۆنات).

+ منداڵ لە چوارچێوەی ژینگەی پیس توشی چی دەبێت ؟
- تەمەنی منداڵ هەستیارترین و بێ هێزترین كاتە مادە پیسەكان كاری تێ بكات، لەبەرئەوەی منداڵ كاتی گەشەكردنیەتی و بەرگری لەشی بەتەواوی دروست نەبووە، بۆیە توشی جۆرەها نەخۆشی دەبێت، لە هەمان كاتدا گەورەكان دەتوانن لە هەمان ژینگەدا بەرگە بگرن و كەمترگیرۆدەی ئەم نەخۆشیانەبن.

+ كاریگەری پیسبوونی ژینگە لە سەر وشكانی ودەریا چیە؟
- كاریگەری نەگەتێڤی لەسەر ئەم دوو ژینگەیە هەیە، هۆكارە بۆ كەمبوونەوەی جۆرەها گیانەوەرو ڕووەك و لە ناوچوونیان و خراپبوونی زنجیرەی خۆراكی تیایدا، ئەم گۆڕانكاریانە لە وشكانی دەبێتە هۆی تێك چوونی خاك و لەناوچوونی بەرهەمی كشتوكاڵ، دارستانەكان، داڕمانی خاك وراماڵین، بەم هۆیانە ژینگەیەكی تەندروست وبەرهەم هێن دەبێتە ژینگەیەكی ناتەندروست و بێ بەرهەم. هەروەها پیسبوونی ئاو بە مادە كیمیاویە ژەهراویەكان یا پەینەكان دەبێتە گۆڕینی جۆری ئاو، كە هۆكارە بۆ گۆڕینی بە كارهێنانی ئاو بۆ خواردنەوەو كشتوكاڵی بۆ جۆرێكی تر كە ناشێت بۆ بەكارهێنان.

+ سەرچاوە گرینگەكانی پیسبوونی ژینگە چین ؟
- سەرچاوەی سروشتی ومرۆڤی هەیە:
1-هەوا پیس دەبێ بە:گازەكان، دووكەڵ، هایدرۆكاربۆنەكان، تۆزوخۆڵ.
2-ئاو پیس دەبێ بە: پاشماوەی ماڵان، كشتوكاڵی، پیشەسازی، قرتێنەرەكان، پەینەكان، مادە ئەندامی و نائەندامیەكان، پاشماوەی نەوت و گاز و بەنزین، پاشماوە ڕەقەكان.
3- خاك پیس دەبێ بە: پاشماوەی ماڵان، پاشماوەی ڕەق زبڵ وخاشاك، پەینەكان، هایدرۆكاربۆنات.

+ تەكنەلۆژیا چ كێشەیەكی بۆ ژینگە دروست كردووە؟
- تەكنەلۆژیا لایەنی خراپ وباشی هەیە، لایەنە خراپەكەی بۆ سەر ژینگە دەگەرێتەوە بۆ هەموو ئەو ئامێرو كارگەو كەرەستەكان كە بەشێوەیەكی زۆر دروستكراوە كە پاشماوەی زۆر فرێدەداتە ناو ژینگە، بۆ دروستكردنیان پێویستیان بە جۆرەها سەرچاوەی سروشتی هەیە كە لە كانەكان دەردەهێنرێت و پێویستی بە وزەیەكی زۆر وشتی تر هەیە، بۆ بەكارهێنانیان پێویستیان بە وزەی زۆر هەیە كە پاشماوەی زۆری لێدەردەچێت، پاش لە كاركەوتنیان و تێكچوونیان دیسان دەبێتەوە پاشماوە كە ژینگەی پێ پیس دەبێ.
لایەنی باشی تەكنەلۆژیا خۆی دەبینێتەوە لە دروستكردنی ئامێری باش پاشماوەی كەمی هەبێت، تەمەنی درێژبێت، چارەسەری پاشماوەكان بكات وجۆرەها رێگای ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەو ئامێر وكەرەستانە بدۆزرێتەوە وەك دروستكردنی ووزە لە سەرچاوە پاكەكانی هاورێی ژینگە وەك با، خۆر، بەنداوەكان، لە هەمان كاتدا تەكنەلۆژیا دەتوانێ ئەو ژینگانەی تێك چوونە بەرەبەرە چاكیان بكاتەوە.

+ چۆن هۆشیاری ژینگەیەی یا رۆشنبیری ژینگەیی لە نێوان هاوڵاتیان بەهێز بكەین ؟
-
1- دەستپێكردن بە هۆشیاری ژینگەیی لەناو خانەوادەكان كە دایك وباوك لێی بەرپرسن.
2- گرینگدان بە باخچەی ساوایان وقوتابخانەكان كەمنداڵ تیایدا فێربكرێت چۆن وڵاتی خۆش بوێت و پاكوخاوێنی ڕابگرێت، بەڵام ئەمەش بەدواداچوونی دەوێت و هاندانی منداڵ وقوتابیانی دەوێت تاكو رەنگ بداتەوە لە هەڵسوكەوتی و ببێتە كەلتور.
3-كاراكردنی دەزگاكانی راگەیاندن ( رۆژنامە، تیڤیەكان، ریكلام، سیمینار، كۆنفراس )
4- پێویستە زانایانی ئایینی بەرێز لە وتارەكانیان زیاتر جەخت لەسەر هۆشیاری ژینگەیی بكەنەوە.
5- پەرەدان بە دەزگا ژینگەیەكانی حكومی و ناحكومی.
6- بەدواداچوونی حكومەت بۆ پێشێلكارانی ژینگەیی وسزیان بدات.

+ كێ بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگە لە كوردستان ؟
- هاوڵاتیان و حكومەت بەرپرسن چوونكە هەردوو تەواوكاری یەكترن، هەرچەندە هاوڵاتیان ژینگە بە پاكی ڕابگرن بەڵام حكومەت پلان و كارگێری باشی نەبێ ئەوا ژینگە پاك ڕاناگیرێت، بۆیە حكومەت پێویستە هەڵسێت بە دابینكردنی حاویەی زبڵ وكۆكردنەوەی وفڕێدانی بەشێوەیەكی زانستی، هەروەها هێنانی باشترین ئامێری كارگەكان، ئوتۆمبێلی چاك وپشكنینیان بۆ بكرێت بە مەبەستی كەمكردنەوەی فرێدراوە پیسەكان، غاز، هایدرۆكاربۆن، تۆزوخۆڵ، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی ئاو.

+ هەریەك لەمانە (بەنزین خراپ، ئۆتۆمبیلی زۆر، زێرابەكان، زبڵ فرێدان، كارگەكان، دانیشتوانی زۆر) چ كاریگەریكی نەگەتیڤی لە سەر ژینگەی هەولێر دروست كردوە ؟ چۆن ژینگەیەكی پاك دروست بكرێت لەم شارەدا؟
- *بەنزینی خراپ: كاریگەری خراپی لە سەر سووتانی تەواوی بەنزین، پەیدابوونی یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، ئۆكسیدی نایترۆجین، ئۆكسیدی گۆگردی، هایدرۆكاربۆنات دەبێت.
لە هەمویان خراپتر ئەگەر قورقوشم لە بەنزینەكەدا هەبێ بۆ باشكردنی ئۆكتانەكەی ئەوا رێژەی قورقوشم لە خوێنی مرۆڤ زیاد دەكات بەتایبەتی منداڵ توشی درەنگ فێربوون وتێگەیشتن، ژەهراوبوون، سكچوون، سەرسوران دەبێت.

*ئۆتۆمبیلی زۆر: دەبێتە هۆی زیاد بوونی فرێدراوە گازیەكان و هایدرۆكاربۆنی، تۆزوخۆڵ و ئۆزۆن بۆ بەرگەی هەوا بەتایبەتی لە كاتی قەڵەباڵغی (بەیانیان، نیوەرۆ، ئێواران ) كە زۆربەی خەڵك لەم كاتەدا بۆ دەوام یا ماڵەوە دەچنەوەو هەموویان لە شەقامەكان زۆر قەڵەباڵغی پەیدا دەكەن.

*زێرابەكان: خراپی وبچووكی زێرابەكان زۆر گرفت بۆ هاوڵاتیان دروستدەكات بەتایبەتی زێرابەكانی هەولێر بۆ ئاوی باران دروستكراون بەڵام ئاوەرۆی ماڵان وكارگەكانی خراوەتە سەر بۆیە توانای گواستنەوەی هەموو ئەو ئاوە پیسانەی نیە بە تایبەت لە كاتی باران بارین. زێرابی خراپ زۆربەی كات بۆنی زۆر ناخۆشی لێدێت كە لە ئەنجامی شی بوونەوەی ماددە ئورگانیەكانە دەبێتە هۆی دروست بوونی گازە ژەهراویەكان، لە لایەكی تریش هۆكارە بۆ پەیدابوونی نەخۆشی لە ئەنجامی پەیدابوونی مێش، مێشولە، سیسركە، مشك كە زۆربەیان بەكتریا وڤایرۆس لە ئاوەرۆكان بۆ مرۆڤ دەگوازنەوە.

*زبڵ فرێدان: فرێدانی زبڵ بە شێوەیەكی نازانستی ژینگەیەكی لەبار بۆ زۆر لە گیانەوەران ومیكرۆبی زیان بەخش دروست دەكات وگەشەی تێدا دەكات، نەخۆشی جۆراوجۆر بۆ مرۆڤ دروست دەكات، لە كاتی سوتاندنی دوكەڵێكی زۆر پیس وزیان بەخش پەیدا دەبێت، دەرەنجام كاریگەرو رەنگدانەوەی لە سەر مرۆڤ دروست دەكات.

*كارگەكان: لە دەرەنجامی بووژانەوەی ئابووری كارگەكان بەرفراوابن بوون، بۆیە پێویستە پابەندی رێنمایەكانی ژینگەبن بە شێوەیەكی زانستی ئەگەر نا هەموو جۆرە پاشەرۆكانی (رەق، شل،گاز)دەبنە گرفت بۆ ژینگە ومرۆڤ.

زۆربوونی دانیشتوان: زۆربوونی دانیشتوان وزیاد بوونی پێداویستیەكان گەورەترین وسەرەكیترین سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیە، چونكە فشار دەخاتە سەر سەرچاوە سروشتیەكان، ئاو، كشتوكاڵ، خانوبەرە، دامودەزگا خزمەتگوزاریەكان، گواستنەوە، دەرەنجام هەموو ئەمانە پاشماوەو پاشەڕۆی جیاجیای لێ پەیدا دەبێ وپیسبوونی ژینگەی لێدەكەوێتەوە.

+ چۆن بتوانین ژینگەیەكی پاكوخاوێن لە كوردستان دروست بكەین ؟
- پێویستە ئەم ڕێنمایانە جێ بەجێ بكەین:
1- زیادكردنی رێژەی سەوزایی شارەكان لە رێگای دارستان وباخچە، بایەخدان بە لایەنی كشتوكاڵ چونكە خۆراك، سەوزایی، ئاو، هەوایی پاك بەرهەم دێنێت.
2- دروستكردنی خانووبەرە (ڤێللا وباڵەخانەكان) بە شێوازی ستونی لە جیاتی ئاسۆیی.
3-پلاندانان بۆ دیاریكردنی ڕێژەی دانیشتوان بەتایبەتی زیادبوون و هاتنی (ئاوارەكان، كرێكار، گەشتیار ) بۆ ناو شارەكانی هەرێم.
4- دانانی سانسۆر لە سەر (كارگە وئۆتۆمبیلەكان) پشكنینی دەوریان بۆ بكرێت، سەرپێچكاران سزا بدرێت.
5- هاندانی خەڵك بۆ كەم بەكارهێنانی (ئاو، كارەبا، پێداویستی ناسەرەكی ).
6- كەم بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلی تایبەت، ڕووكردن لە هۆكاری گواستنەوەی گشتی.
7-بەرهەمهێنانی سوتەمەنی باش (بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی) ڕۆنی نایاب بۆ ئۆتۆمبیلەكان.
8-دەستكردن بە دروستكردنی خانوو و باڵەخانەی هاوڕێی ژینگە لە بەكارهێنانی ماددەی تۆكمە بە مەبەستی كەمتر بەكارهێنانی هۆكاری گەرمی وساردی، ووزەی كارەبا.
9-بایەخدان بەدروستكردنی: بەنداو، ووزەی خۆر، با، هەروەها هێنانی ئۆتۆمبیل كە بە كارەبا و ووزەی خۆر كار دەكەن.
10- دووبارە بەكارهێنانەوەی پاشماوەی زبڵ وخاشاك لە رێگای (Recycling)، وئاوی ئاوەرۆكان پاش چارەسەركردنیان بۆ مەبەستە جیاجیاكان.
11- مرۆڤ ژینگە وەك ماڵی خۆی سەیر بكات چونكە هەر پیسبوونێك ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەرخۆی و تەندروستی مرۆڤەكان دەبێت.
12- ماڵ، قوتابخانە، زانكۆ سێ پێگەی گرینگی كۆمەڵگەن بۆیە ئەم سێ لایەن پێویستە بە هاوبەشی كاربكەن بۆ هۆشیاركردنەوە وهاندانی نەوەكانیان، هەروەها كاراتربكرێن بۆ زیاتر بە ئاگابوونیان لە پاك راگرتنی ژینگە.
13- پێویستە رێكخراوە ژینگە دۆستەكان زانست وزانیاری باشیان لە بەردەستبێ لە بارەی ژینگە وگرفت وچارەسەرەكان، هەروەها پەیوەندیان لەگەڵ حكومەت، راگەیاندن، دام ودەزگا جیاجیاكان تۆكمەبێت بۆ ئەوەی رۆڵێكی ئەكتیڤ بگێرن لە ریكلام كردن وسازدانی سیمینارو كۆنفراس لەبارەی ژینگە و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان بۆ پاكراگرتنی هەرێمی كوردستان.

دیدار: حەسەن حەمەد ئاندێكی - ماڵپەری گۆڤاری تاوی کۆمەڵایەتی - 2013-12-15

لێدوانێك بنووسە