ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

پاسكیل لەجیاتی ئۆتۆمبێل

قەیرانی ئابووریی جیهانی و گەرمبوونی گۆی زەوی، دوو هۆكاری گرنگن بۆئەوەی مرۆڤەكان پاسكیل بكەن بەجێگرەوەی ئۆتۆمبێل، بێگومان هەمووشمان ئاگادارین و درك بەوە دەكەین، كە كەڵك وەرگرتن لەپاسكیل بۆ هاتوچۆ، تاچەند هاوئاهەنگی لەگەڵ ژینگەو تەندروستی مرۆڤدا هەیە.

لێخوڕینی پاسکیل
مەسەلەی «پاسكیل لێخوڕین و ژینگەپارێزیی» باسێكی نوێ نییەو، هەموو كەس زانیارییەكی سەرەتایی لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام كاتێك دەمانەوێ دەست پێبكەین یان خەڵكانی دیكە بهێنینە سەر ئەو باوەڕەی کە بە پاسكیل هاتوچۆ بكەن، تووشی چەند كێشەیەك دەبین، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانەو چەسپاندنی ئەو باوەڕە، لێرەدا ئاماژە بە(11) هۆكاری زانستی دەكەین، تا دوو دڵیتان نەمێنێت و زۆربەی كات ئۆتۆمبێلەكانتان لەپاركینگ و حەوشەكاندا رابگرن و لەجیاتی ئەوە پاسکیل بەکاربهێنن.

تێچووی كەمە
دابینكردنی تێچووی پاسكیل ئاسانترە، لەدابینكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلێك، ئێوە لەباتی ئەوەی پارە بۆ كڕینی ئۆتۆمبێلێك خەرج بكەین، دەتوانن بەبڕێكی زۆر كەم پاسكیلێكی باش بكڕن، بەوەش بەشێكی كێشەی هاتوچۆتان لەكۆڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەزمەی ترافیك و قەرەباڵغیش كارتان تێناكات، ئەمڕۆ پاسكیلی زۆر پێشكەوتوو لەبازاڕەكاندا هەیە، كە لەڕووی گێڕو لایت و زۆر تایبەتمەندیی دیكەوە پێرفێکت و بێ كەموكوڕییە، دەتوانن لەهەموو رێگەوبان و كەشوهەوایەكدا سوودی لێ وەربگرن.

هاوڕێی ژینگەیە
ئەگەر بمانەوێت بەراوردێك لەنێوان پاسكیل و ئۆتۆمبێلدا بكەین، دەبینین کە پاسکیل هیچ جۆرە شوێنەوارێكی خراپ لەسەر ژینگە بەجێناهێڵێت، راستە بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە كاڵایەك كاریگەریی لەسەر ژینگە هەیە، بەڵام بەرهەمهێنانی پاسكیل لەچاو ئۆتۆمبێلدا، ئەو کاریگەرییەی نییە، چونکە وزەو كەرەسەیەكی كەم و خەرجییەكی گواستنەوەی كەمتریشی دەوێت، هەربۆیە بەیەکێک لەهاوڕێیانی ژینگە ئەژمار دەکرێت.

سووتەمەنی ناوێت
كاتێك پاسكیل دەكەوێتە كارو جووڵە، هەوا پیس و ئالوودە ناكات، هیچ جۆرە گازێكی ژەهراویش بەرهەم ناهێنێت، کەواتە بەكەڵك وەرگرتن لەپاسكیل، دەتوانین رێژەی ئەو تراوە هایدرۆلیكییانەو رۆن و سووتەمەنی تایبەت بە ئۆتۆمبێلەكان كەمتر بكەینەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت كە نەك هەر لەهەوادا، بەڵكو لەناو ئاو و ئاوەڕۆی كۆڵان و شەقامەكانیشدا ژەهرێكی كەمتر كۆدەبێتەوە.

دژی تاسەیە
پاسكیلەكان پارەی باجی جادەو بانەكانمان بۆ دەگەڕێننەوە، لەبەرئەوەی کە پاسكیل كێشی سووكە، قیری شەقامەكان تووشی سووان و لەناوچوون ناكات، گومان لەوەدا نییە کە كەمبوونەوەی ئاستی خورانی قیرو دروستبوونی چاڵ و چۆڵ لەڕێگەكاندا، بەگشتی پارەیەكی زۆر لەبەفیڕۆچوون دەگەڕێنێتەوە.

جێگرەوەیەكی سوودبەخشە
پاسكیل جێگرەوەیەكی سوودبەخشە لەجیاتی كڕینی ئۆتۆمبێلی دووەم.. رەنگە لەدۆخێكدا نەبن كە پاسكیل وەكو یەكەم ئامێری گواستنەوەو هاتوچۆی گشتی خۆتان بەكاربهێنن، بەڵام پاسكیل دەتوانێت وەكو دووەم ئامێری گواستنەوە شتێكی گونجاو بێت بۆتان، هەروەها دەتوانن بەلێخوڕینی ئەو پاسكیلە بۆ هاتوچۆی رۆژانەی كارو  گەشتەكانی كۆتایی هەفتە، پارەیەكی زۆر پاشەكەوت بكەن «پارەی بەنزینتان بۆ دەگەڕێتەوە».

كێش دادەبەزێنێت
كەڵك وەرگرتن لەپاسكیل بۆ گواستنەوە، دەتوانێت یارمەتیمان بدات بۆ دابەزاندنی كێشی لەشمان و باشتربوونی رەوشی تەندروستیمان، سوودەكانی پاسكیل لێخوڕین وەكو وەرزش لای هەموومان ناسراوە، بۆ نموونە پاسكیل بۆ بەهێزكردنی دەمار (عصب)ی سیاتیك زۆر بەسوودە، بەپێی شێوازی لێخوڕینی خۆتان و دۆخی رێگەو شەقامەكان، دەتوانن لەئەنجامی خێرا لێخوڕیندا، لەیەك سەعاتدا (600) كالۆری بسووتێنن.

پاركینی ئاسانە
دەتوانن لەشوێنی پارك كردنی ئۆتۆمبێلێك، چەند پاسكیلێك رابگرن، ئەو شوێنانەی وەكو پاركینگی ئۆتۆمبێل لەناو شاردا دروست دەكرێن، خەساری مادی و ژینگەییان زۆرە، کەواتە چەند رێژەی پاسكیل لێخوڕین زیاتر بێت لەناو شاردا، رووبەرێكی زیاترمان بۆ دەگەڕێتەوە، كە دەتوانین بۆ شتی دیكە سوودی لێ وەربگرین.

لەئۆتۆمبێل خێراترە
پاسكیل لێخوڕین لەم دۆخەی ئێستادا كە شەقامەكان كیپ بوونەو قەرەباڵغییەكی زۆر هەیە، رەنگە خێراترو ئاسانتر بێت و كاتێكی زیاتریشمان بۆ بگەڕێتەوە، زۆرجار لەناو شاردا پاسكیل خێراترە لەئۆتۆمبێل، بەتایبەت لەشارە پێشكەوتووەكاندا، کە هێڵی لێخوڕینی پاسكیل لەشەقامەكان دەستنیشان و جیا كراوەتەوە، بەمجۆرە هەرگیز هیچ پاسكیل سوارێك تووشی كێشەی ترافیك نابێت.

خەرجی كەمە
لەگەڵ ئەوەی چاککردنەوەی پاسكیل لەچاو ئۆتۆمبێلدا خەرجییەكی زۆر كەمتری دەوێت، زۆربەی جار خۆشمان دەتوانین بەئاسانی پاسكیلەكەمان چاك بكەینەوەو پارچەی بۆ بگۆڕین، تەنانەت ئەگەر بیبەنە لای وەستاش، دیسان بە بەراورد لەگەڵ ئۆتۆمبێلدا هیچ شتێکی ئەوتۆی تێناچێت.

لێخوڕینی ئاسانە
پاسكیل لەڕووی ژیانی كۆمەڵایەتی و پیشەییەوە ئەو كەسانە چالاك دەكات و دەیانخاتە جووڵەوە، كە توانای كڕینی ئۆتۆمبێلیان نییە، بەتایبەت ئەوانەی زۆرجار لەبەر لێپرسینەوەی پۆلیسی هاتوچۆ بەدرێژایی رۆژ بێ جووڵەو چالاكی دەمێننەوە.. یان زۆر كەس هەن كە توانای وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێرییان نییە، جا چ لەبەر نەبوونی خوێندەواری بێت یان هەر گرفتێكی دیكە، یان زۆر كەس هەیە ناتوانێت بیمەی دڵنیایی بۆ ئۆتۆمبێلەكەی بكات، بەڵام رەنگە هەموو كەسێک بتوانێت پاسكیل بكڕێت و بەئاسانی لێی بخوڕێت.

بۆ تەندروستی باشە
توێژینەوەكان سەلماندوویانە، ئەوانەی رۆژانە بە پاسكیل هاتوچۆ دەكەن، لەڕووی تەندروستییەوە باشترن و كەمتر تووشی نەخۆشی دەبن، هەروەها دڵەڕاوكەیان كەمترەو سەرو رووخۆشترن، بۆیە لەشوێنی ئیشكردندا كەمتر پێویستیان بە مۆڵەت و پشوو هەیە، ئەمەش دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆئەوەی گەشەی ئابووری و ئیداری لەكۆمەڵگەدا مسۆگەر بكات.

سامان حەسەنخاڵی - کوردستانی نوێ

لێدوانێك بنووسە