ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

پیسبوونی ئاو و هەوا و ژینگە بە تووخمە قورسەکان

پیس بوونی ئاو و هەوا و ژینگە و بەروبوومی کشتووکاڵی و خۆراک بە پیس کەری جۆراوجۆر ی وەکو مێرووکوژ و ژەهرەکەڕوو و پیسکەری بەکتریایی و کانزا قورسەکان و پلاستیکەکان و پاتری و تایە و زۆر پیسکەری تر کارێکی زۆر خراپ دەکەنە سەر تەندرووستی مرۆڤـ و ژیانی، لەسەر ئاستی کورتخایەن و درێژخایەن، بەتایبەتیش ئەو ماددە کیمیاییە جێگیرانەی کە بە ساناهی تێک ناشکێن و شی نابنەوە و بۆ ماوەیەکی دورودرێژ دەمێننەوە و مرۆڤ لە ماوەیەکی دووردا تووشی نەخۆشی جۆراوجۆری خراپ دەکەن، ئەمە وای لە وەزارەتی تەندرووستی و ژینگەی زۆر لە حکومەتەکان کردووە کە زیاتر بایەخ بدەن بە پارێزگاریی کردن لە بەکاربەر لە تاک و کۆمەڵگە و زۆر کردنی چاودێری و پیادەکردنی چەندەها یاسا و مەرج لە ئاڵووگۆڕە بازرگانییەکان و هەموو جۆرە پەیوەندییەکی نێودەوڵەتی و زۆر لە دەوڵەتان دەستیان داوەتە یارمەتیدان و هاندانی توێژینەوە زانستیەکان دەربارەی پیسکەرەکانی ئاو و ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە بواری کشتووکاڵ دا بەکاردەهێنرێن و پلاستیکە جۆراوجۆرەکان و هەوڵدان بۆ رێگرتن لە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە کاریگەریی خراپی درێژخایەنیان هەیە و هاوردە کردنی ئامێری جۆراو جۆری تاقیگە بۆ ناسینەوەی پیسکەرەکان و گرتنەبەری رێگای زانستی پێویست بۆ پاراستنی مرۆڤ لەم کارەساتە گەورەیە ی کە کەس نازانێت رێڕەوەکەی بەرەو کوێ دەچێت و ئەنجامەکەشی بە کوێ دەگات. بە شێوەیەکی سادە و ساکار دەتوانین ئەوە بڵێین کە مرۆڤایەتی لە بەردەم کێشەیەکی گەورە و کارەساتێکی سەختی پیسبوونی ژینگەدا دۆش داماوە !!
زۆر لە توێژینەوە زانستییەکان دەریان خستووە کە رێژەی پیس بوونی ژینگە زۆر خێرایە و بە شێوەیەکی مەترسیدار بەکارهێنانی ماددە و کەل وپەلی کیمیایی جۆراو جۆر بڵاوبۆتەوە، بۆ نموونە لە چرکەیەکدا یەک ملیۆن کیسی پلاستیکی جۆراوجۆر فڕێ دەدرێتە ژینگەوە، ساڵی ملیۆنەها تەن تایە و ئامێری تری ی لەکارکەوتوو بە ژینگەدا بڵاودەکرێتەوە، ئاسەواری ماددەی مێروو کوژی کشتووکاڵی و ماددە ئەندامییە فۆسفۆڕیی و کانزای قورس و هالۆجینەکان و ماددەی تری مەترسیدار لە ئاوی خواردنەوەدا و لە تانکی ئاوی ماڵان و دامەزراوە جۆراوجۆرەکان دا بە بڕی کەم بەدی کراوە و هەروەها ئاسەواری ئەم ماددانە بە بەرووبوومە کشتووکاڵییەکانەوە دەمێنێت و بە رێگەیەک لە رێگەکان دەگاتە لەشی مرۆڤ و کاریگەریی زۆر خراپ درووست دەکات لە ماوەیەکی دووردا.

یەکێک لە مەترسییەکان بریتییە لە کانزا قورسەکان یان توخمە قورسەکان :
توخمە قورسەکان ئەو توخمانەن کە کێشی جۆرییان پێنج جار لە کێشی جۆری ئاو زیاترە، بۆ نموونە کێشی جۆری ئاو 1گرام /سم3 بەڵام هی ئاسن 7.9 گرام /سم3. هی قوڕقوشم 11.34گرام /سم3 هی زەڕنیخ 5.7 گرام /سم3 هی کادمیۆم 8.65 گرام /سم3 و کێشی جۆری جیوە 13.6 گرام / سم3

سی و پێنج توخم هەن لە سرووشتدا زۆر مەترسییان لێ دەکرێت چونکە بەریان دەکەوین، لە ناو مالڕ دا یان لە شوێنی کارەکانمان، بیست و سێ لەو توخمانە، توخمی قورسن بۆ نموونە وەکو ئەنتیمۆن و زەڕنیخ و بزمۆس و کادمیۆم و سیریۆم و کرۆم و کۆباڵت و مس و گالیۆم و ئاسن و قوڕقوشم و مەنگەنیز و جیوە و نیکل و پلاتین و زێڕ ز زیو و تیلیریۆم و تالیۆم و تووتیا و یۆرانیۆم و ڤەنادیۆم و تەنەکە. ئەم توخمانە بڕێکی زۆر کەمیان پێویستن بۆ زیندەچالاکییەکانی لەشی مرۆڤ. بەڵام بڕێکی زیاتر دەبێتە هۆی ژەهراوی بوونێکی تیژ یان درێژخایەن. رەنگە کارێکی زۆر خراپ بکەن لە فرمانی کۆئەندامی دەمار و تێکی بدەن یان توانای ناوەندە کۆئەندام دابەزێنن. لەش بێهێز دەکەن و زیان دەگەیەنن بە پێکهاتەکانی خوێن و سییەکان و گورچیلە و جگەر و ئەندامە هەستیارەکانی تر. بەرکەوتن بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی پێگەیشتنی ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی نەخۆشی زەهایمەر و پارکنسن و پووکانەوەی ماسوولکەکان و رەق بوون و گرژبوونی بەردەوام، هەروەها بەرکەوتنی بەردەوامی ئەم توخمانە و ئاوێتەکانیان بۆ ماوەی درێژ دەبێتە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە.
کانزا قورسەکان : زۆر مەترسیدارن و بڕی ئەم توخمانە لەئاودا بەندە لەسەر کاتی خایەنراوی تێپەڕبوون یان مانەوەی
ئاوەکەو پلەی گەرمی و ترشێتی. ئەم توخمانە لەش ژەهراویی دەکەن بەهۆی لەکارخستنی ئەنزیمی ناو خانەکان ئەویش چونکە زۆر ێک ئەنزیم پشت بە هەندێ کانزا دەبەستێ لە کارکردندا، وەکو کانزای سیلینیۆم و زینک و مەگنسیۆم، بەڵام ئەم توخمە قورسانە، کاتێک دەچنە لەشەوە، جێگەی ئەو کانزایانە دەگرنەوە کە لە پێکهاتەی ئەنزیمەکان دا هەن و و فڕێیان دەدەنە دەرەوەی پێکهاتەی ئەنزیمەکە و خۆیان دەبەسترێنەوە بە ئەنزیم و هۆڕمۆنەکانەوە لەکاریان دەخەن و کاری خراپ دەکەنە سەر دەمارەکان و پڕۆسەی هەرسکردن و زیندەچالاکییەکانی ناو خانە و سیستەمی بەرگریی لە هەمووی خراپتر ئەم توخمە قورسانە لە مێشکدا کۆدەبنەوە و ناهێڵن مێشک بە کارو فرما نەکانی سرووشتی خۆی هەڵبستێ و منداڵ تووشی نەخۆشی ئۆتیزم دەکەن و توانای فێربوون زۆر کەم دەکەنەوە. وەکو قوڕقوشم و جیوە و کادمیۆم و زەڕنیخ کە زۆر مەترسیدارن بۆ لەشی مرۆڤ و هەر توخمێک لەم توخمە قورسانە جۆرەها کێشەی تەندرووستی درووست دەکەن بۆ لەشی مرۆڤ. بۆ نموونە قوڕقوشم کە لە ناوچەی خۆمان بڕێکی زیاد لە ئاودا هەیە، ئەم تووخمە قورسە لە موولوولە میکرۆسکۆبیە ووردەکانی مێشک دا کۆدەبنەوە و و دەبنە هۆی کەم بوونەوەی توانای عەقڵی و بیرکردنەوە و کەمکردنەوەی توانای تۆمارکردنی زانیاری و لەدەست دانی یادەوەریی و خوێن بەربوونی مێشک و ئیفلیجی. هەروەها ئەم توخمە قورسە لە پەنکریاس و جگەر و گورچیلە دا کۆدەبنەوە و دەبنە هۆی نەخۆشی مەترسیداری جۆراوجۆر کانزا قورسەکان زۆر مەترسیدارن چونکە بە تێپەڕبوونی کات لەلەشی مرۆڤ دا کۆدەبنەوە و رێژەکەیان زۆر دەبێت،زۆرتر لەو بڕە ی کە پێویستە بۆ بەکارهێنانی لە زیندە چالاکییەکانی لەشی مرۆڤـ کە بە زمانی ئینگلیزیی بەم جۆرە کۆبوونەوەیە دەڵێن bio accumulation. پێویستی لەش بەم کانزایانە بۆ بەجێهێنانی هەندێ لە کارو فرمانەکانی زۆر زۆر کەمە، کانزا قورسەکان لەخاک و پاشماوەی پیشەسازییەوە دەچنە نا و ئاوەوە ئەمەش بەهۆی دەرهاویشتە و هەڵوەرین و داخورانی پارچە و کەرەستە پیشەسازییەکان بۆ نموونە وەکو پاتری و تایە و، هەروەها بە هۆی ترشە بارانەوە کە لەگەڵ پێکهاتەی خاک دا کارلێک دەکات و کانزاکان ئاوێتەی جۆراو جۆر درووست دەکەن و لەگەڵ ئاوی باران دا دەگوێزرێنەوە و دەگەنە جۆگە و چەم و رووبار و ئاوی ژێر زەوی و دەریاچەکان. بەشێوەیەکی گشتی بڕێکی زۆر لە تووخمە قورسەکان و ئاوێتەکانیان لە ئاوی بیر دا هەیە بەتایبەتی بیری قووڵ.

بۆ کۆکردنەوەی بوتڵ و کیس و کەرەستەی پلاستیکیی بەکارهێنراو هەروەها فڕێ دراو کاتێکی زۆر و پارەیەکی زۆر و ووزەیەکی زۆر سەرف دەکرێت و بڕێکی زۆریش لە گازی دووهەم ئۆکسید ی کاربۆن و چەند گازێکی تریش فڕێ دەدرێتە هەواوە ئەم گازانەش بە گازەکانی خانووی شووشە ناسراون چونکە دەبن بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەپۆش و هاوسەنگی ژینگە تێکدەدەن.

ساڵیی 2،7 ملیۆن تەن پلاستیک تەنها لە جۆری 1 لە جیهان دا بەرهەم دەهێنرێت، کە برٍێکی زۆر سووتەمەنی پێویستە و نزیکەی 1،5 بەرمیل نەوتی بۆ دەسووتێنرێت و ئەم سووتاندنە بڕێکی زۆر لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەکاتە هەواوە. 700 ملیۆن بوتڵی بۆش لە رۆژێکدا فڕێ دەدرێت. تەنها لە ئەمریکا رۆژی 60 ملیۆن و لەو ژمارە گەورەیەش تەنها 10 ملیۆنی دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە، بەڵام لە ووڵاتی خۆمان دووبارە بەکارهێنانەوە بوونی نیە و کۆی گشتی پلاستیکی بەکارهێنراو و فڕێدراو هەمووی دەبێت بە خاشاک و دەچێتە ئاو و هەوا و خاکەوە. لە بەریتانیا، لەساڵی 2002 دا نۆ ملیار بوتڵی بۆش فڕێ دراوە، واتە لە هەر کاژێرێکدا یەک ملیۆن بوتڵ، لەم ژمارەیە تەنها 360 ملیۆن دووبارە بەکارهێنراوەتەوە لە ئەمەریکا دا لە هەر شەش بوتڵی بۆش تەنها یەک بوتڵ دەچێتەوە سوورٍی دووبارە بەکارهێنانەوە و لە سەدا 86 ی کۆی ئەو پلاستیکە بەکارهێنراوە دەبێت بە خاشاک و بە خاک و ئاو دا بڵاودەبێتەوە کە 400 تا 1000 ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوە. بەڵام لە ئەوروپا رێژەی بەکارهێنانەوە زۆر کەمترە و دەگاتە نزیکەی %3. لەگەڵ ئەوەشدا لەکاتی دووبارە درووستکردنەوەی بەکارهێنراوەکان دا پێویستی بە سووتاندنی سووتەمەنی هەیە و ئەویش بڕێکی زۆر لە گاز و هاڵاوی ژەهرین بڵاودەکاتەوە. دووبارە بەکارهێنانەوەی تەنها یەک بوتڵی بۆش، ئەوەندە ووزەی پێویستە کە بەشی داگیرساندنی گڵۆپێکی 60 واتی دەکات بۆ ماوەی 6 کاژێر. ئایا ئەم ووزەیە بۆ کارێکی پێویست پاشەکەوت بکرێت باشتر نییە ؟
لە ساڵێکدا 90 ملیار لیتر ئاوی بوتڵکراو سەرف دەبێت لە جیهان دا، چواریەکی ئەو بڕە بۆ جێگای دوور دەگوێزرێتەوە و بۆ گوێزانەوەی بڕێکی زۆر سووتەمەنی دەسووتێنرێت کە ئەویش ژینگە بەگازە دەرهاوێژراوەکان پیس دەکات.
بەکارهێنانی پلاستیک بۆ هەڵگرتن و تیا خواردن زۆر خراپە بەتایبەتی خۆراکی گەرم و ترش.هەروەها چەوری و ئاوی میوەکان.هەروەها ئاوی خواردنەوە، چاو قاوە و هەر شلەمەنییەکی گەرم لە پەرداخ و کەل و پەلی پلاستیکدا 50 جار تێڕژانی ئەو ماددانە بۆ ناو خۆراک یان ئاوەکە زیاد دەکات. یەکێک لەو ئاوێتانە کە لە پلاستیکەکەدا هەیە، بۆ نموونە لەو هەموو ئاوێتانەی دەکرێنە پلاستیکەوە تەنها باسی یەک ئاوێتە دەکەین ئاوێتەی BPA کە ماددەیەکی نەرم کەرە و بۆ چەند مەبەستێک کراوەتە پلاستیکەکەوە، بەڵام بە بەندی کیمیایی نابەسترێتەوە بە زنجیرەی پۆلیمەرەکەوە،،لەکاتی گەرم بوون و مانەوەی بوتڵەکان دا بۆ ماوەیەکی زۆر ئاوێتەکان لە پلاستیکەکەوە دەچنە ئاوەکەوە. ئەم ئاوێتەیە لە توانای دا هەیە کە خانەکانی لەش هەڵبخەڵەتێنێت و وەکو هۆرمۆنەکان کار بکات بە تایبەتی لە مێیەدا کار دەکاتە سەر هۆڕمۆنی ئەسترۆجین و کاری کوێرە رژێنەکان تێک دەدات، کارێکی خراپ دەکاتە سەر کۆئەندامی زۆربوون، بەتایبەتی هێلکەدان و دەبێتە هۆی دابەشبوونی ناڕێک و درووستبوونی کۆرپەلە ی ناتەواو، وەکو هەندێ هۆڕمۆنی تریش کار دەکات و دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی چەوری لە ژێر پێستدا، ئەوەش دەبێتە هۆی قەڵەوی و کار دەکاتە سەر دڵ و پەنکریاس، هەروەها کار دەکاتە سەر پڕۆستات و ژمارەی سپێرم کەم دەکاتەوە.لەسەروو هەمووشیەوە هەندێ توێژینەوە دەریان خستووە کە ئەم ئاوێتانە کارسینۆجینن واتە (هۆکاری نەخۆشی شێرپەنجەن).
لەبەر ئەوە
هەتا دەتوانی بەکارهێنانی پلاستیک کەم بکەرەوە، لە جیاتی کیسەی پلاستیکی، کیسەی قوماش یان کاغەز بەکاربهێنە، ئاو لە ستانلێس ستیل و شووشەدا هەڵبگرە و بخۆرەوە. دانانی فلتەری ئاو لەماڵەوە، زۆر باشترە لە کڕین و گواستنەوە و کات بەفیڕۆدان بۆ ئاوی ناو بوتڵی پلاستیکی، لەلایەکەوە زۆر ئابووریی تر و پاشەکەوت کەرە، لەلایەکی تریشەوە لەشت لە ژەهر ی پلاستیک دەپارێزێت، هەروەها بەشداریی کردنێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتەکانی پلاستیک بۆ ناو ژینگە.

سەربەست ئسماعیل - کوردیپێدیا

لێدوانێك بنووسە