زانستی ژینگە و قوربانییکردن بەئاژەڵان

زۆر جار ئەم پرسیارە دەکرێت : ئایا قوربانیکردن بەئاژەڵ لەناوبردنیان نییە ؟ کاتێک خودای گەورە لەقورئاندا دەفەرموێت : (فصل لربک وانحر) ؟

لەوەڵامداو بەپشتبەستن بەزانستی نوێ و بە ئامارەکانی دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەڵێین :
قوربانیکردن بەئاژەڵی وەک وشترو مانگاو مەڕو بزن ، لەڕۆژانی جەژنی قورباندا ، وەک لەقورئان و سوننەتدا هاتووە ، دەبێتە هۆی راگرتنی هاوسەنگیی نێوان گازەکان ، چونکە وەک لەئامارەکانی رێکخراوی (ئێف ئەی ئۆ) (فاو)دا هاتووە ، ئاژەڵان بەرپرسن لەدەردانی لە(18%)ی بڕی ئەو گازانەی کەپلەی گەرما بەرز دەکەنەوە، وەک گازی میسان (سی ئێچ فۆڕ)و کاربۆن دای ئۆکساید ، بۆیە بە قوربانیکردن بەم چوار جۆرەی ئاژەڵ بڕی گازی میسان وکاربۆن دای ئۆکساید کەم دەکات و، بڕی گازی (ئۆکسیجین)یش زیاد دەکات.
گازی میسان(CH4) کە لەئەنجامی کرداری سووتاندن و پڕۆسەی شیکردنەوەی بەکتیریای توخمە ئەندامییەکانییەوە لەشوێنی ژێرخاکنانی زبڵ و خاشاکەوە دێتە ئاراوە.

پڕۆفیسۆر (کۆنراد)ی سەرۆکی پەیمانگای (بلانک) بۆ مایکرۆبایۆلۆژی دەڵێت :
( ئەو گازی (میسان)نەی کە لە رێگەی مانگاو وڵاخی بەرزەو مەڕوماڵاتەوە وە دەردەچێت و،  ساڵانەش نزیکەی (600) ملیۆن تۆنەو بەرز دەبێتەوە نێو بەرگی هەوا ، یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکانی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما ، بۆیە ئەگەر بتوانین سنوورێک بۆ کەمکردنەوەی دابنێین ئەوسا دەتوانین گۆڕانکارییەکی خێراتر ئەنجام بدەین لەو گۆڕانکارییەی کەلەرێگەی دابەزاندنی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە بەدەستی دەهێنین).

بەپێی توێژینەوەکانیش دەرکەوتووە کە بڕی گازی میسان لەهەوادا بەرێژەی (150%) زیادی کردووە لەساڵی (1750)وە تا ئەمڕۆ ، بەمەش سنوورە ئاساییەکانی خۆی تێپەڕاندووە.

ئەوەش راستە کە جیاوازیی هەیە لەنێوان کاریگەریی هەر یەک لە گازی میسان و گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لەڕووی :
یەکەم : گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە(70%)ی قەبارەی ئەو گازانە پێکدێنێت کەدەبنە هۆی دیاردەی قەتیسبوونی گەرما، لەکاتێکدا گازی میسان لە(23%) پێکدێنێت.

دووەم: توانای گازی میسان بۆ گلدانەوەی گەرما لەنێو بەرگەهەوای زەویدا(23) جار زیاترە لەتوانای گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.
سێیەم: گازی میسان بۆ ماوەی (8)ساڵ  لەبەرگەهەوادا دەمێنێتەوە ، لەکاتێکدا گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ماوەی زیاتر لە(100) ساڵ دەمێنێتەوە.

لەساڵی (2002)دا مانگاو مەڕو ماڵات نزیکەی (2،3)بلیۆن تۆن لە گازی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و، نزیکەی (104)ملیۆن تۆن گازی (میسان )ی خستۆتە هەواوە.

تەنها لەفەرەنسادا گازی میسانی دەرچوو لەرێگەی دەمی ئاژەڵانەوە نزیکەی (26) ملیۆن تۆن بووەو، لەرێگەی پاشەڕۆشیانەوە نزیکەی (12) ملیۆن تۆن بووە .

بۆیە  هەتا بەرهەمهێنانی یەک کیلۆگرام لەگۆشتی مانگا ، نزیکەی (13) تا(30) کیلۆگرام لەگازی میسان دەچێتە هەواوە.
ئەمڕۆ بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کشتوکاڵو خۆراکی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان(فاو) ژمارەی ئەم چوار جۆرە لەئاژەڵەکان بەم شێوەیەیە:

یەکەم: مانگا:
لەجیهاندا ژمارەی مانگا نزیکەی (1)ملیارو (500) ملیۆن سەرە کە:
28% لەهندستانە ، کە هیندییەکان نایخۆن و سەری نابڕن.
200 ملیۆن سەر لە بەرازیلە
165 ملیۆن سەر لە ئەمریکایە
110 ملیۆن سەر لە چینە.

دووەم: مەڕ:
لەجیهاندا ژمارەی مەڕ نزیکەی(2) ملیار سەرە ، کە(22%)ی لەوڵاتی نیوزلەندایە.

سێیەم: بزن:
لەجیهاندا ژمارەی بزن دەگاتە نزیکەی (1)ملیار ، کە لە(30%)ی لەوڵاتی چینە.

چوارەم: وشتر:
لەجیهاندا ژمارەی وشتر دەگاتە نزیکەی (20) ملیۆن وشتر، کە (70%)ی لەوڵاتە عەرەبییەکانی ئاسیاو ئەفریقیایە.

لێرەوەیە کەلەپڕۆسەی قوربانیکردن بەو چوار جۆرە ئاژەڵە موعجیزەیەکی گەورە هەیە کەبریتییە لەکەمکردنەوەی بڕی گازەکانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و میسان ، وبَڕای زۆر سوودی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی  دیکە.

ئەمەش لەبەر ئەوەی ژمارەی ئاژەڵەکان ساڵانە لەزیادبووندان بەم پڕۆسەیەش جۆرێک لەهاوسەنگیی دەگەڕێتەوە بۆ بڕی ئەو گازانەی کە زیان بە ژینگەو بەرگەهەوا دەگەیەنن.

عەبدولرەحمان سدیق

لێدوانێك بنووسە