پیل و پاتری مەترسیەکی شاراوە

لە جیهانی ئەمرۆدا تەکنەلۆژیا بەشیوەیەک پێشکەوتووە کە زۆر لە کارەکانی رۆژانەی بۆ ئاسان کردووین بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا گەلێک مەترسی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە پێویستە ئاگاداربین لێی و بەشێوەیەکی دروست مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، جێگەی خۆیەتی باس لە زیانەکانی ئەم ئامێرانە بکەین کە هاتوونەتە ژیانمانەوە و ئاگاداربین لە مەترسییەکانی، دیارە ئامێرەکان زۆرن بەڵام یەکێک لەو ئامێرانە کە لە هەموو ماڵێکدا هەیە و بەراستی کاریگەرییەکی زۆر ترسناکی هەیە لەسەر ژینگەو تەندروستی مرۆڤ ئەویش پیل و پاتریە کەبەداخەوە تا ئێستا زیانەکانی ئەم ئامێرە بەشێوەیەکی باش لەناو خەڵکدا بڵاونەبۆتەوە یاخود ڕاستر بڵێین وشیاریان بەرامبەر ئەم ئامێران کەمە یاخود نییە.

پاتری ئامێرێکە یاخود سیستەمێکە کە وزەی کیمیای ئەگۆڕێ بۆ وزەی کارەبا. پاتری دەکرێت بە دوو بەشەوە بەشێکیان ئەوانەن کە بۆ یەک جار بەکاردێن و بارگاوی ناکرێنەوە و ماوە کورتن وەک پیل (دیارە ئێستا هەندێ جۆری پیلیش هەیە کە توانای بارگاوی کردنەوەیان هەیە بەڵام زۆربەی پیلەکان بۆیەک جار بەکار دێت و بارگاوی ناکرێنەوە) جۆری دووەمیان ئەوانەن کە بارگاوی دەکرێنەوەو بۆ چەند جارێک بەکاردێن و ماوە درێژن وەک شەحنی مۆبایل و کۆمپیوتەر و هیتر ، پاتررییەکان لە قەبارە و  شێوەدا جیاوازن  و هەریەکەیان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاردێن.

پاتری کۆمەڵێک ماددەی قورسی تێدایە کە کاریگەری نەرێنی هەیە بۆ سەر ژینگە و تەندوستی مرۆڤ ئەوانیش (جیوە، قوڕقوشم، کادمیۆم، نیکڵ..هتد) کە بێگومان هەریەک لەم مادانە کاریگەری ترسناکی هەیە ئەگەر بچێتە لەشی مرۆڤەوە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو، بەداخەوە کاتێک پاتریەک لەکار دەکەوێت لە دەوروبەرمان فرێی ئەدەین کە بە ئاسانی بەردەستبێت یاخود هەندێ جار ئەکەوێتە بەردەستی منداڵان و یاری پێدەکەن و بۆ دەمیان دەبەن کەبەراستی چەند زیانی بۆ گەورە هەبێت بۆ مناڵ زۆر زیاترە.

دیارە هەریەک لەو مادانەی کە لە پاتریدا هەیە کاریگەری ترسناکی هەیە لێرەدا باسی یەکێک لەو مادانە ئەکەم کە ئەویش قورقوشمە، قورقوشم مادەیەکی قورسە، کاتێک بچێتە لەشەوە ئەتوانین بڵێین ئەو مرۆڤە ژەهراوی بووە بە قورقەشم، قورقوشم بە چەند ڕێگایەک ئەچێتە لەشەوە: لە رێگەی هەواوە بە هەناسەدان ئەمەش کاتێک ئەبێت کە هەوای ناوچەیەک پیسبوبێت بە تۆزی ئەم مادەیە بۆ نموونە سوتانی  ئەو پاشەرۆیانەی کە پیل و پاتری تێدایە و ئەم مادانەی لێدەر دەچێت، یاخود خواردنەوەی ئاوێک پیسبووبێت بەم مادەیە، یاخود دەستمان پیسە بە قورقوشم (بەهۆی دەستلێدانمانەوە لە پاتری) و دەست بۆ دەممان ئەبەین. مرۆڤی گەورە هەستیارە بەرامبەر قورقوشم و منداڵ و کۆرپەلەی ژنی دووگیان زۆر زیاتر هەستیارترن و لەوانەیە بەرگەی نەگرن، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەم مادانە کار دەکەنە سەر کۆئەندامی دەمار و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشە و دواکەوتنی تێگەیشتن و کەمبوونەوەی زیرەکی هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر گورچیلە و کۆئەندامی زاوزێ، ئەگەر رێژەکە زۆربێت رەنگە ببێتە هۆی مردنیش.

بەداخەوە  ئەم پاتریانە تێکەلی پاشماوەکانی تر دەکرێن کە ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبونی ژینگە کە دواتریش دەبنە هۆی دروستبوونی مەترسیەکی گەورە بۆسەر تەندروستی مرۆڤ، چونکە ئەگەر بسوتێنرێت ئەوا دەبێتە هۆی پیسبونی هەواو ئەگەر بکرێتە ژێر خاک ئەوا مادە قورسەکانی ناو پاتری ئەچۆڕێتە خوارەوە و تێکەڵی ئاوی ژێر زەوی ئەبێت ئەگەریش بکرێتە ئاوەوە ئاوەکە پیس دەبێت و بۆ خواردنەوە ناشێت، بەڵێ باشترین چارەسەر بەکەرەستەکردنەوەیەتی (Recycling) وە ئەگەریش ئەمە دەستی نەدا ئەوا پێویستە رێگری بگیرێت لە فرێدانی پاتری بەشێوەیەکی هەرەمەکی و نابەرپرسیارانە و لە شوێنێک کۆ بکرێنەوەو چارەسەری زانستی گونجاوی بۆ بکرێت، هەروەها پێویستە هاوڵاتیان لەمەڕ مەترسی پاتری وشیاربکرێنەوە کە چەند زیانێکی گەورەی بۆ سەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیە.

عومەر کەریم

لێدوانێك بنووسە