ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

بوتڵی ئاو

ئەو ئاوە بوتڵکراوەی ڕۆژانە بەکاری دەھێنین لەناو بوتڵێکدا ھەڵگیراوە, کە لە بنی بوتڵەدا کۆدێکی پێوەیە, بە پێویستی دەزانم ھەندێ ڕوونکردنەوە بنووسم دەربارەی ئەو کۆدە:
ئەگەر کۆدی ژمارە یەک بوو ئەوا بوتڵەکە لە پۆلی ئەثیلین تێر فثالات دروست کراوە کە کورتکراوەکەى. PETE یان PET ە.
ئەم پلاستیکە لەبەر ھەرزانی نرخ و تێچوونی, بەکاردەھێنرێت بۆ ئاوی خواردنەوە بەڵام خاڵی نییە لە مەترسیی, بەوە دەناسرێتەوە کە بۆنی شلە و خۆراکەکەی ناوی دەگرێت, بۆیە بەکارهێنانی بۆ ئەو شلەمەنیانە باش نین کە بۆندارن, هەروەها چەند مەرجێک هەیە پێویستە لە بەکارهێنانیدا ڕەچاو بکرێ و بەکارهێنەران ئاگاربکرێنەوە: یەکەم دووبارە بەکارھێنانەوەی ئەم جۆرە پلاستیکە دەبێتە هۆی دروست بوونى ماددەى لاوەکیی و کارێکی ژەهرین دەکاتە سەر لەش و مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی بۆیە بە ھیچ شێوەیەک نابێ جاری دووەم بەکاربھێنرێتەوە. لە ووڵاتە پێشکەوتووەکان ووردە ووردە بەپێی ڕێنماییەکانى بریکاری ژینگە پارێزى ئەمریکا EPA و ڕێکخراوی تەندروستى جیهانی WHO و دامەزراوەى زانستیی نیشتمانی NSF بەکارهێنانی ئەم بوتڵە قەدەغە دەکرێ یان کەم دەکرێتەوە و کار بۆ ئەوە دەکەن کە پلاستیکی پۆلی پرۆپلین PP يان بوتڵی شووشە جێگای بگرێتەوە. ئەم پلاستیکە دوو ماددەی کیمیایی لە پێکھاتەکەیدا ھەیە نەبەستراون بە زنجیرە کاربۆنیەکەوە کە پێی دەوترێت بڕبڕە Back bone. ئەگەر ترشێتی ئاوەکە, یان پلەی گەرماکەی بەھۆی دانانی لەبەر ھەتاو بەرزبوو , ئەوا ئەو دوو ماددەیە کە بریتین لە فثالات و بیسفینۆڵ دەڕژێنە ئاوەکەوە و بە تێپەڕبوونی کات کێشەی تەندروستی دروست دەکەن, توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ماددەی فثالات یەکێکە لەو ماددانەی ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بەرز دەکاتەوە و بیسفینۆڵیش لاسایی کەرەوەی ھۆڕمۆنە, بەتایبەتی ھۆڕمۆنی مێینە و, دەبێتە ھۆی نەزۆکیی و قەڵەویی و کاری خراپ دەکاتە سەر کۆرپەلە و ئەندامی زۆربوونى مێینە. تا ئەو ڕۆژەى لە وڵاتی ئێمەش ئەم بوتڵانە قەدەغە دەکرێن, پێویستە بەکارھێنانی ئەو بوتڵانە زۆر کەم بکرێتەوە و ھەرگیز نەخرێنە بەر ھەتاو و لە شوێنی گەرم و فرێزەری بەفرکەر دا دانەنرێن .

سەربەست ئیسماعیل

لێدوانێك بنووسە