ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

سەرچاوەی وزەی ئۆتۆمبێلەکان لە داهاتوودا

هەر لەو کاتەوەی هێنری فۆرد لە ساڵی 1908 دا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی Model T گرنگی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی بەرفراوان گەشەی سەندووە و یارمەتی مرۆڤی داوە لە گواستنەوەدا. بەو پێیەی ئۆتۆمبێلی تەقلیدی سووتەمنی فۆسیلی ژینگە پیسکەری وەکو گاز و بەنزین بەکاردەبات و لەگەڵ زیادبوونی پیسبونی ژینگە و گۆڕانی بەرچاوی کەش و هەوا لە ئەنجامی زیادبوونی بڕی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژینگە پیسکەرەکانی تر وای لە بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل کرد کە بەشوێن چارەسەری ڕیشەیی و جێگرەوەدا بگەڕێن. ئەگەر سەیری وردەکاری بنچینەی کاری ئۆتۆمبێل بکەین دەتوانبین لەوە تێبگەین کە چەند ئەگەرێک لە بەردەستدا هەن بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی وا کە هاوڕێ ی ژینگە بن. بەکارهێنانی هایبرید واتە دوو جۆر سەرچاوەی وزە بەیەکەوە تاڕادەیەکی زۆر چارەسەرێکی کاتی یە، بەڵام بۆ چارەسەری هەمیشەیی چەندین جۆری سەرچاوەی وزەی جێگرەوەمان هەیە وەکو خانەی سووتەمەنی و سووتەمەنی ڕووەکی و خانەی هایدرۆجینی و گازی میثان و ئۆتۆمبێلی کارەبایی. لەناو هەموو ئەمانە ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە یەکێک لە باشترین جێگرەوەکان دادەنرێت کە لە داهاتوودا ئەگەری ئەوەی هەیە بەکارهێنانی ڕوو لە زیادبوون بکات و زیاتر وەکو جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە جێگەی خۆی بکاتەوە.
هەرچەندە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان چەندین ساڵە لە کاردان بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو پاڵپشتیەی کە حکومەتەکانی دنیا بۆ هاندانی بەکارهێنانی ئەنجامیان داوە هێشتا نوێترین جۆری ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان کە بە نوێترین تەکنۆلۆجیا دروستکراون توانیویانە تەنها بەشێکی زۆر بچووکی بازاڕ داگیربکەن و هێشتا بەکارهێنەرانی لە ئاستی چاوەڕوانیەکاندانین.
بەربەستە سەرەکیەکانی بەردەم زیاتر بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان خۆیان لە بڕی تێچوون و خەرجی و سنوورداری توانای باتریەکاندا دەبیننەوە. تەنانەت نوێترین جۆری باتریەکانیش کە بە تەکنۆلۆجیای لیثۆم ئایۆن دروستکراون ناگەنە ئەو ئاستەی کە بەکارهێنەری ئاسایی چاوەڕیی دەکات وهانی دەدات بیر لە بەکارهێنانی بکاتەوە. بۆ ئەو شوفێرانەی کە وا ڕاهاتوون بۆ دووری درێژ ئۆتۆمبێل لێبخوڕن ئۆتۆمبێلی کارەبایی کێشەیان بۆ دروست دەکات. ویستگەکانی بارگاویکردنەوەی باتریەکان هێشتا لە هەندێ وڵات و شوێن و ناوچەدا یان هەر نین یان ئەوەندە زۆر نین و ماوەی نێوانیان ئەوەندە زۆرە کە مەترسی وەستانی کتوپڕی لێدەکرێت. تەنانەت کاتی بارگاویکردنیش هێشتا زۆر لە کاتی پڕکردنی تەنکی بەنزین و گاز درێژترە و زۆر تر دەخایەنێت، ئەمە جگە لەوەی کە تەمەنی باتریەکانیش زۆر کورتە و دوای چەند جارێک لە بارگاویکردنەوە لە ناو دەچن.
لەگەڵ ئەمانەشدا چەند چارەسەرێکی باش بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لە ئارادان و توێژینەوەیەکی نوێ باسی کەپاسیتەرە نایابەکان دەکات. ئەم توێژینەوەیە ئەوەی خستۆتە ڕوو کە کەپاسیتەرە نایابەکان  2 تا 4 جار توانا و هێزی جۆرە باشەکانی باتریە لیثیۆم ئایۆنەکان بەرزتر دەکەنەوە. بە بەراورد لەگەڵ باتریە ئاسییەکان کەپاسیتەرە نایابەکان توند و تۆڵتر و باشترن و تەمەنیشیان زۆر زیاترە. چووستیەکەیان لەگەڵ زیاتر بەکارهێنانیاندا دانابەزێت و تەنانەت نرخەکانیشیان هەرزانترە.
ئەو کێشانەی کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە قبووڵکردنی بەربڵاویان لەلایەن شوفێرەکانەوە لە ڕاستیدا هەمیشە کێشە نەبوون. کاتێک مەکینەی سووتاناندنی ناوخۆیی (وەکو مەکینەی ماتۆر سکیلەکان) سەرەتا داهێنران هەموو خەڵک لای وابوو کە ئەمانە پیسن و دەنگە دەنگیان زۆرە و ناکرێت بەکارببرێن و تاماوەیەکی زۆر شوفێران پێیان وابوو کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان خاوێنترن و متمانەیان زۆرترە. لە لایەکی ترەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە هێزی هەڵم کاریان دەکرد ئەڵتەرناتیڤی زیاتریان دەخستە بەردەست. لە لایەکی تریشەوە لەو کاتەدا کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان و هەڵمیەکان پێشبڕکێی شکاندنی ڕیکۆردی خێراییان دەکرد هێشتا مەکینەکانی سووتاندنی ناوخۆیی ساوابوون و کەس باسی نەدەکردن. ئەو کاتە باس باسی جۆری سووتەمەنی نەبوو جۆری سووتەمەنیەکە هیچ گرنگیەکی نەبوو چونکە کەس لەو کاتەدا بیری لە ژینگە و پیسبوونی نەدەکردەوە گرنگ ئەوە بوو ئۆتۆمبێلێک بەکاربهێنن کە بە زووترین کات و بە کەمنترین تێچوون بیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست.
بە تێگەیشتن لەمانە دەبینین ئەمڕۆکە پیشەسازی گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سفر و کەوتووینەتەوە هەمان ئەو دۆخەی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم مرۆڤایەتی تێکەوتبوو، هێشتا دۆزینەوەی جۆری سووتەمەنی و سەرچاوەی وزەی بە گەڕخستنی ئۆتۆمبێلەکان هەر لە کێشمە کێش دایە و ئەلتەرناتیڤەکان هێشتا هەر وەکو جاران گەلێک زۆرن.

زادی زانست

لێدوانێك بنووسە