ئێوەش دەتوانن بابەتەكانتان لە ڕێگەی ئەم پەیجی فەیسبووكەوە بنێرن.
Facebook.com/ZhingaParezan

ملیۆنێرەكانی پشت تانكەرەكانی نەوت

لە هەرێمی كوردستاندا گواستنەوەی نەوت بە رێگەی تانكەرەوە قەبارەیەكی گەورەی هەیە، چەندین كۆمپانیای ناوخۆیی لەو بازرگانییە ئاڵاون و بەو هۆیەوە داهاتێكی زەبەلاحیان پێكەوە ناوە، لە كاتێكدا بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە كەرتی گواستنەوەی نەوت، هیچ پێوەرێك بۆ رێكخستنی كاری بەڵێندەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە ئارادا نییە و ئەوەش كۆمەڵێك شوێنەواری نەرێنی دروست كردووە.
قەبارەی گواستنەوە بە تانكەر
نزیكەی كۆی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەكانی لە كوردستاندا لە رێگەی تانكەرەوە جێبەجێ‌ دەكرێت. كەرتی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەكانی، گواستنەوەی نەوتی خاو لە كێڵگەكانەوە لەلایەك و لەلایەكی تر بەرهەمەكانی نەوتی لە پاڵاوتگەكانەوە بۆ دەرەوە و ناوخۆ لەخۆ دەگرێت. نەوتی خاو لە رێگەی تانكەرەوە بۆ توركیا دەگوازرێتەوە و تەنیا لە ماوەی 2012-2014دا، بڕی 24 ملیۆن و 360 هەزار و 114 بەرمیل نەوتی خاو بە تانكەر هەناردەی توركیا كراوە و لە بەرامبەردا بەرهەمەكانی نەوتی لە توركیاوە بە تانكەر هاوردە كراونەتەوە.
بەشێك لە نەوتی خاوی كێڵگەكان بەمەبەستی دابینكردنی بەرهەمەكانی نەوتی بۆ بەكاربەرانی ناوخۆیی بۆ پاڵاوتگەكانی ناوخۆ دەگوازرێتەوە و لە ماوەی 2007-2014دا، بڕی 123 ملیۆن و 924 هەزار و 100 بەرمیل بۆ بەكاربەرانی ناوخۆیی كوردستان لە رێگەی پاڵاوتگە بچووكەكانەوە دابین كراوە، وەك بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل. ئەوەش كە لە بەرهەمە نەوتییەكانی وەك نەفتا و نەوتی رەش دەمێنێتەوە، بڕێكی زۆری هەر بە تانكەر بۆ ئێران دەگوازرێتەوە و بەشێكیشی بەسەر كارگەكانی پیشەسازی وەك كارگەكانی چیمەنتۆ، قیر، ئاسن و.. هتد، دابەش دەكرێن.
تانكەرەكانی سووتەمەنی بەشێوەیەكی گشتی 36 هەزار لیتر هەڵدەگرن، كرێی گواستنەوە بە تۆن دیاری دەكرێت، دیاریكردنی قەبارەی ئەو 36 هەزار لیترەی تانكەرێك هەڵی گرتووە، بەپێی جۆری بەرهەمە نەوتییەكە دەگۆڕێت، ئەوەش بەهۆی سووكی و قورسی كێشی بەرهەمەكانی نەوتییەوە. بەگشتی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەكانی لە رێگەی تانكەرەوە قەبارەیەكی گەورەی هەیە و یەكێك لە چالاكییە گەورەكانی پیشەسازیی نەوت لە كوردستاندا پێك دێنێت. قازانجێكی زەبەلاحی بۆ ژمارەیەك لە بەڵێندەر و كۆمپانیای ناوخۆیی مسۆگەر كردووە، لە پاڵ رەخساندنی هەزاران دەرفەتی كار كە خۆی لە شوفێری تانكەرەكان دەبینێتەوە.

بەڵێندەرەكانی گواستنەوەی نەوت
لە هەرێمی كوردستاندا چەندین كۆمپانیا و بەڵێندەری گواستنەوەی نەوت كار دەكەن، زۆرینەی بەڵێندەرەكان خۆماڵین و خاوەندارێتییان بۆ چەند بەرپرسێكی سیاسی یان نزیكەكانیان دەگەڕێتەوە. "قەیوان و عێراق ئۆیڵ" دوو لە گەورەترین كۆمپانیای بواری گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەكانین لە كوردستاندا. هەردوو كۆمپانیاكە نەوت و بەرهەمەكانی بۆ دەرەوە، نەوتی خاو بۆ توركیا و نەفتا و نەوتی رەش بۆ ئێران دەگوازنەوە. لە ناوخۆی كوردستان نەوتی خاو بۆ پاڵاوتگەكان و لەوێشەوە بۆ بەكاربەرانی ناوخۆیی و كارگەكانی پیشەسازی دەگوازنەوە.
قەیوان خاوەندارێتییەكەی بۆ بەرپرسانی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و عێراق ئۆیڵ خاوەندارێتییەكەی بۆ بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە.
لە پاڵ (قەیوان و عێراق ئۆیڵ)دا، چەندین كۆمپانیا و بەڵێندەری گواستنەوە ئامادەییان هەیە، لە ناویاندا كۆمپانیاكانی وەك "میللەت، سەگرمە، كۆرمۆر، فۆكس، پەیوەند، زەنبوور، نەهار مستەقبەل، ئەرتووش، سامان، مونافز، ریكۆ، زیپۆ و.. هتد"، خاوەندارێتی زۆرینەی ئەو كۆمپانیایانەش دیسان بۆ حزب و كەسانی باڵادەستی ناو حزبەكان دەگەڕێتەوە.
هەندێك لە كۆمپانیاكانی گواستنەوەی نەوت، هاوكات خاوەندارێتی ئەو تانكەرانەش دەكەن كە نەوت و بەرهەمەكانی دەگوازنەوە، هەریەك لە كۆمپانیاكانی وەك قەیوان و عێراق ئۆیڵ خاوەنی سەتان تانكەری گواستنەوەی نەوتن، ئەو كۆمپانیایانە كرێی مانگانە یان كرێبار بە شوفێرەكانیان دەدەن، لە كاتێكدا كۆمپانیاكانی تر خاوەنی تانكەر نین، بگرە تانكەر و شوفێر پێكەوە بە كرێ‌ دەگرن و رۆڵی نێوانگیری لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كڕیارەكان دەگێڕن. شوفێرانی خاوەن تانكەر، لە بەرامبەر گواستنەوەی هەر بارێكدا، بەپێی مەودا و قەبارەی بارەكەیان كرێ‌ وەردەگرن.

داهاتی گواستنەوەی نەوت
كەرتی گواستنەوەی نەوت بە یەكێك لە شاراوەترین كەرتەكانی پیشەسازی نەوت و گازی كوردستان دادەنرێت، چونكە لەرووی یاساییەوە رێك نەخراوە، ئەوەش ئەوەندەی تر دۆسیەكەی تاریك كردووە. شێركۆ جەودەت سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمانی كوردستان دەركردنی یاسای گواستنەوەی نەوت بە گرنگ دەزانێت و پێی وایە بە یاسایی كردنی كەرتی گواستنەوەی نەوت زۆرێك لە كێشەكان چارەسەر دەكات.
بۆ یەكەمین جار لە راپۆرتی دارایی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە لە ساڵی رابردوو بڵاو كرایەوە، ئاماژە بە تێچووەكانی گواستنەوەی نەوت دراوە. راپۆرتەكە داهات و تێچووی نەوت و گاز لە ماوەی ساڵانی 2007-2013 لەخۆ دەگرێت، بەڵام لە شیكردنەوە و خستنەڕووی ژمارە و داتاكاندا بەتەواوی ناڕۆشن و ئاڵۆز كراوە.
لە بەشی دابەشبوونی تێچوونەكانی وەزارەت لەو راپۆرتەدا، لە بەرامبەر تێچوونەكانی گواستنەوەی بەرهەم لە ماوەی 2007-2013 بڕی 96 ملیۆن و 725 هەزار و 890 دۆلار دانراوە، بەڵام لە خشتەی دابەشبوونی داهاتەكانی نەوت و گاز لە هەمان ماوەدا، خانەیەك بەناوی (كرێی تانكەر) هاتووە و بە بڕی 60 ملیۆن و 59 هەزار و 919 دۆلار ئاماژەی بۆ كراوە. لە باڵانسی كۆتایی 2013 بەپێی ژمێرەكانی بانكی وەزارەتی ناوبراو، بەشی (كرێی تانكەرەكان) بڕی 58 ملیۆن و 155 هەزار و 869 دۆلاری وەك باڵانسی كۆتایی بۆ دانراوە. هەمان راپۆرت بەشێكی تری پێوەست بە باجی سەر تانكەرەكانی لەخۆ گرتووە و بڕەكەی بە 48 ملیۆن و 877 هەزار و 547 دۆلار دانراوە، هاوكات لە بەشی تێچووەكانی بەكارخستندا، دیسان خانەیەك بەناوی (تێچووەكانی گواستنەوەی بەرهەم) هەیە و  بڕی 47 ملیۆن و 89 هەزار و 867 دۆلاری بۆ دیاری كراوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی دەستەواژەكانی وەك (تێچوونەكانی گواستنەوەی بەرهەم لە تێچووەكانی وەزارەتدا، كرێی تانكەر، باجی سەر تانكەرەكان و هەروەك تێچووی گواستنەوەی بەرهەم لە بەشی بەكارخستندا) نەداوە، بگرە دووبارەكردنەوەی ژمارە و خشتە وێكچووەكان ئەوەندەی تر داتاكانی ناڕۆشن كردووە.
كرێی تانكەر لە بەشی داهاتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، نەك خەرجییەكانی، لە كاتێكدا لە بەشی تێچووەكانی وەزارەتدا دیسان تێچووی گواستنەوە هەیە، ئەوە جگە لە دوو ژمارەی جیاواز لە دوو بەشی وێكچوودا كە یەكەمیان تێچووەكانی گواستنەوەی بەرهەمە لە ژمێرەی گشتی تێچووەكانی وەزارەتدا و بە زیاتر لە 96 ملیۆن دۆلار ئاماژەی بۆ كراوە، دووەمیان دیسان تێچووەكانی گواستنەوەی بەرهەمە لە بەشی بەكارخستندا و بڕی زیاتر لە 47 ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە.
ئەو ژمارە و داتایانەی ناو راپۆرتەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتەواوی ناڕۆشنن، بەڵام بەگشتی داهاتەكانی كەرتی گواستنەوەی نەوت و قازانجی زەبەلاحی كۆمپانیاكانی گواستنەوە دووپات دەكەنەوە، لە كاتێكدا پێوەرەكانی هەڵبژاردنی بەڵێندەرەكان، دیاریكردنی كرێی گواستنەوە، دەستحەقی شوفێر و خاوەن تانكەرەكان رێكخراو نییە و دراونەتە دەست بەڵێندەرەكانی گواستنەوە. ئەوەش دەرفەتی قازانجێكی تر بۆ بەڵێندەرەكان مسۆگەر دەكات لە هەڵگرتنی زۆرترین داهات بۆ خۆیان و پێدانی كەمترین كرێ بۆ شوفێرانی تانكەرەكان.

شوفێرانی تانكەری گواستنەوە
یاسای ژمارە 39ی هەمواركراوی ساڵی 2012ی پەرلەمانی كوردستان، یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و خانەنیشنی كرێكاران، شوفێر بە كرێكار دادەنێت، ئەوەش لە چوارچێوەی لەخۆگرتنی كرێكارانی رۆژانە، بەڵام عومەر ئیسماعیل سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان دەڵێ‌، "هیچ كام لە شوفێرانی تانكەرەكان دەستەبەریان نییە"، ئەوە لە كاتێكدا كە ئەو شوفێرانە خاوەنكاری ئاشكرایان هەیە، كە خۆی لە كۆمپانیا و بەڵێندەرەكانی گواستنەوە دەبینێتەوە، بەڵام ئەوان مافەكانیان پێشێل دەكرێت.
شوفێرانی تانكەرەكان دووپاتی دەكەنەوە، كاتێك بە رێگەی كۆمپانیای قەیوان نەوت بۆ توركیا دەگوازنەوە، لەلایەن بەرپرسانی توركیاوە كارەكانیان بە زوویی رایی ناكرێت یان ئەوەی كێشەیان بۆ دروست دەكرێت، بە پێچەوانەوە شوفێرانی گواستنەوەی نەوت ئەگەر نەوتەكەیان لە رێگەی كۆمپانیای عێراق ئۆیڵ بۆ ئێران بگوازنەوە، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە كۆسپیان بۆ دروست دەكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قەیوان لەسەر یەكێتی و عێراق ئۆیڵ لەسەر پارتی هەژمار دەكرێت و هەردوو حزبەكەش بەسەر جەمسەرەكانی توركیا و ئێران دابەش بوون.
لە  حوزەیرانی 2014دا، سەتان شوفێری تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوت كە نەوتیان لە رێگەی كۆمپانیای عێراق ئۆیڵ گواستبووەوە، زیاتر لە 2 هەفتە لە "بەندەر ئیمام"ی ناوچەی ئەهواز لە ئێران راگیران و نەوتی تانكەرەكانیان بەتاڵ نەكرا. لە 13ی تەمووزی هەمان ساڵدا شوفێرەكان لە رێگەی میدیاكانەوە داوایان كرد كێشەكەیان چارەسەر بكرێت. ئەوان ئاماژەیان دا، ئەو تانكەرانەی لە رێگەی كۆمپانیای قەیوانەوە گەیشتوون، بە زوویی بارەكەیان داگیراوە و گەڕاونەتەوە، بەڵام ئەو تانكەرانەی لە رێگەی عێراق ئۆیڵەوە نەوتیان بار كردووە، بەهۆی ئەوەی بەڵێندەرەكەیان لەسەر پارتی هەژمار دەكرێت، كێشەیان بۆ دروست دەكرێت.
لە كۆتایی تەموزی 2012 دا، ژمارەیەك لە میدیاكانی توركیا و كوردستان ئاماژەیان بەوە دا، لەلایەن بەرپرسانی سەربازی توركیاوە، رێگە بە ژمارەیەك لە تانكەری گواستنەوەی نەوت نەدراوە بارە نەوتەكەیان بە سنووری توركیا بگەیەنن، ئەو تانكەرانە سەر بە كۆمپانیای قەیوان بوون. ئەو حاڵەتانە وێڕای پێشێلكاری بەرامبەر بە كرێكاران، لە نەبوونی یاسا و رێكنەخستنی كەرتەكەدا دروست بوون.
كەرتی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەكانی هەزاران دەرفەتی كاری رەخساندووە، بەڵام كەرتەكە لەرووی یاساییەوە رێك نەخراوە، ئەوەش وای كردووە هێزی كاری كەرتی گواستنەوەی نەوت مافەكانی پارێزراو نەبێت. ئەوەی گومان و تێبینی دروست دەكات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كۆی راپۆرت و راگەیەنراوەكانی تایبەت بە هێزی كاری نەوت، هیچ كات ئاماژەی بە هێزی كار لە كەرتی گواستنەوەی نەوت نەكردووە.
بەڵێندەرەكانی گواستنەوە ئەو بۆشاییە یاساییەیان قۆستووەتەوە و مەرج و سزای قورس بۆ شوفێرەكان دادەنێن، لە كاتی وەرگەڕان یان رژانی نەوتی تانكەرەكانیان بە هەر هۆكارێك بێت و ناچاریان دەكەن بە پێ‌ بژاردنەوەی نرخی بارەكەیان، بەڵام لە كاتی گیان لە دەستدانی شوفێری تانكەرەكاندا، بەڵێندەرەكان هیچ بەرپرسیارێتییەك لە ئەستۆ ناگرن.

تانكەرەكان، زیان لە مرۆڤ و ژینگە
گواستنەوەی نەوت لە رێگەی تانكەرەوە بە گونجاو نازانرێت، چونكە مەترسی بۆ سەر ژینگە و مرۆڤ دروست دەكات. لە كوردستاندا بارەكە ئەوەندەی تر مەترسیدار بووە بەهۆی كارنەكردن بە پێوەری ستاندارد بۆ تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی و ئەوەش كارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لێ كەوتووەتەوە.
لە ساڵی 2012دا، بەهۆی لێچوونی گازی شل لە تانكەرێكی گواستنەوە لەكاتی پڕكردنی لە كێڵگەی كۆرمۆر، تانكەرەكە گڕی گرت و بەو هۆیەوە 3 شوفێری تانكەری گواستنەوە و دوو كرێكاری كێڵگەكە گیانیان لە دەست دا.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كوردستان ئامارێكی وردی لەبارەی وەرگەڕان و رژانی نەوتی تانكەرەكان نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، لە ماوەی 2-3 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی وەرگەڕاون یان نەوتەكەیان رژاوە و گڕیان گرتووە، نزیكەی 40 لەو حاڵەتانە لە بەردەم تونێلەكەی دەربەندیخان تۆمار كراون.
سەمەد محەمەد سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی كوردستان دەڵێ "تا ئێستە هیچ بەڵێندەرێكی گواستنەوەی سووتەمەنی بەهۆی رژانی نەوتەوە سزا نەدراوە" و هۆكاری ئەوەش بۆ هاوكاری نەكردنیان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دەگێڕێتەوە.
قەبارەی ئەو سووتەمەنییەی لە ماوەی ئەو 2-3 ساڵەی رابردوودا تەنیا بەهۆی وەرگەڕان و رووداوەكانی هاتوچۆ لە تانكەرەكانی نەوت رژاوە، ئەگەر لەسەر بنەمای 100 تانكەر هەژمار بكرێت، كەواتە 3 ملیۆن و 600 هەزار لیتر نەوتی خاو، نەوتی رەش، نەفتا و بەرهەمەكانی تر تێكەڵ بە خاك و ئاوی كوردستان بووە و ئەوەش قەبارەیەكی ئێجگار گەورە و مەترسیدارە، هەروەك سەروەر قەرەداغی بەرپرسی رێكخراوی سروشتی كوردستان دووپاتی لەسەر دەكاتەوە.
تەنانەت تانكەرەكانی گواستنەوەی سووتەمەنی زیانێكی گەورەیان بە بودجەی شارەكان گەیاندووە، لە كاتێكدا ئەو تانكەرانە بەهۆی سەرەكی لە تێكدانی شەقامەكان دادەنرێن، تێچووی چاككردنەوەی شەقامەكانی شارۆكەیەكی وەك كۆیە لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا زیاتر لە 8 ملیار دینار بووە و ئەوەش لە بودجەی پەرەپێدانی شارەكە خەرج كراوە، وەك چاپووك شێخ عومەر قایمقامی كۆیە ئاماژەی بۆ كرد، لە كاتێكدا پێویست دەكات بەڵێندەرەكانی گواستنەوە لە دابینكردنی تێچووەكاندا بەشداری پێ‌ بكرێن.
بەهۆی تەواونەبوونی ژێرخانی هێڵەكانی بۆڕی گواستنەوەی نەوت لە كوردستاندا، پرۆسەی گواستنەوەی نەوت بە پلەی یەكەم پشتی بە تانكەر بەستووە، دروستكردنی تۆڕەكانی بۆڕیی گواستنەوە پێ ناچێت بە زوویی جێبەجێ‌ ببێت، ئەوەش پێویستی پەلەكردن لە دەركردنی یاسای گواستنەوەی نەوت زیاتر دەكات، بە جۆرێك ئەو یاسایە گەرەنتی پاراستنی مافی كرێكارانی گواستنەوە، پێوەرەكانی تانكەری گواستنەوە، سزادانی بەڵێندەرەكانی گواستنەوە لەبارە نەخوازراوەكاندا بكات و دەرفەتی یەكسانیش بۆ بەڵێندەرەكانی گواستنەوە بڕەخسێنێت.

وشە / هەولێر - رێبین فەتاح

لێدوانێك بنووسە